دۆناڵد ترەمپ: ئەگەر سەرۆک بام جەنگی ڕۆژهەڵاتی ناوەراست و ڕووسیا و ئۆکرانیا ڕووینەدەدا
کاندیدی کۆمارییەکان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمەریکا ڕایگەیاند، ئەگەری هەیە جەنگی سێیەمی جیهانی هەڵگیرسێت و ئەمەریکا لە ناوخۆ و لە دەرەوە لە مەترسییەکی گەورەدایە.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا و کاندیدی کۆمارییەکان بۆ سەرۆکایەتی ئەمەریکا ڕایگەیاند، ئێستە ڕووسیا و چین و کۆریای باکوور ڕێز لە ئەمەریکا ناگرن، ئەگەر خۆی سەرۆک با هەرگیز جەنگی ڕووسیا و ئۆکرانیا و کشانەوەی ئەفغانستان بەشێوەیەکی خراپ و هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل ڕووینەدەدا.
دەشڵێت: ئەگەر من سەرۆک بام جەنگی ڕووسیا و ئۆکرانیا هەرگیز ڕووینەدەدا و ئەگەری سفرە، هێرشی حەوتی ئۆکتۆبەر بۆ سەر ئیسرائیل ئەنجام نەدەدرا، کشانەوەمان لە ئەفغانستان بەم شێوە کارەساتبارە نەدەبوو، ئامادە بووم لە ئەفغانستان بە هێز و شکۆوە بکشێینەوە و کەلوپەلەکانیشمان دەبرد نەک بەبڕی 80 ملیار دۆلار کەلوپەل جێبهێڵین و 13 سەربازمان نەدەکوژرا و 45 سەربازیش دەست و قاچ و ڕووخساریان لە دەستنەدەدا، هەڵاوسانیش ڕووینەدەدا.
ترەپم گوتیشی، پێویستمان بە کەسانی زیرەکە سەرکردایەتی ئەو وڵات بکەن، چونکە لە ناوخۆی لەڕووی ئابووری و هەروەها لە دەرەوەش وڵاتەکەمان هەرگیز بەم جۆرە لە مەترسیدا نەبووە، لە دەرەوە ڕووسیا و چین ڕێز لە ئێمە ناگرن، کۆریای باکوور و کیم جۆنگ ئون منی بەدڵ بوو، بەڵام ئەم گرووپەی ئیستەی بەدڵ نییە، ئێمە لە مەترسییەکی گەورەداین مەترسی جەنگی سێیەمی جیهانی هەیە و ئەگەری هەیە ڕووبدات.
بڕیارە لە 5ی تشرینی دووەمی 2024 هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمەریکا بەڕێوە بچێت، ڕاپرسییەکان دەری دەخەن دۆناڵد ترەمپ، زۆرترین ئەگەری کاندیدی هەڵبژاردنە سەرەتاییەکانی پارتی کۆمارییەکانە.