سەباح سوبحی: پڕۆژه‌یاسای نەوت و گاز ئەستەمە له‌ماوه‌یه‌كی نزیكدا بگاته‌ په‌رله‌مانی عێراق

سەباح سوبحی، ئەندامی لێژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق
سەباح سوبحی، ئەندامی لێژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق

K24 – هەولێر:

ئەندامێکی لێژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق، دەڵێت: به‌شێك له‌ په‌رله‌مانتاران دژی پڕۆژه‌یاساكه‌ن، هەروەها ئەگەر پرۆژەیاساکە پەسەند بکرێت و ببێتە یاسای كاریگه‌رییەکی زۆری له‌سه‌ر ئابووری عێراق ده‌بێت.

سەباح سوبحی، ئەندامی لێژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق، تایبەت بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: هێشتا پڕۆژەیاسای نەوت و گاز نەهاتووەتە پەرلەمانی عێراق و چاوەڕوان ناکرێت بەم نزیکانە بگات.

ئەو ئەندامەی لێژنەی نەوت و گاز، پێی وایە، به‌شێك له‌ په‌رله‌مانتاران دژی پڕۆژه‌یاساكه‌ن، هەروەها ئەگەر پرۆژەیاساکە پەسەند بکرێت و ببێتە یاسای كاریگه‌رییەکی زۆری له‌سه‌ر ئابووری عێراق ده‌بێت.

ناوبراو جەختی لەوە کردەوە، گفتوگۆکان لەبارەی پرۆژەیاسای نەوت و گاز تەنیا لە وەزارەتی نەوت کراوە. سەباح سوبحی، دەڵێت: ئەگەر پرۆژە یاساکە پەسەند بکرێت هیچ کێشەیەکی دەستووری و یاسای، نەوت و گاز لەنێوان هەولێر و بەغدا نامینێت، تەنیا کێشەی تەکنیکی دەمێنێت.

ماددەکانی 8 و 11 لە ڕەشنووسی یاسای نەوت و گاز زۆرترین گرفتی دروست کردووە کە تایبەتن بە دۆزینەوە و دەرهێنان و حەقدەستی کۆمپانیاکان و بە بازاڕکردنی نەوت، ئەمەش وا چاوەڕوان دەکرێت لە دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکان چارەسەری بۆ بدۆزرێتەوە تاوەکوو کۆدەنگی لایەنە سیاسییەکانی لەسەر دروست بێت.

لە ساڵی 2007ــەوە رەشنووسی یاسای نەوت و گاز لە عێراق مشتومڕی زۆری لەسەر دەکرێت، بەڵام بەهۆی ناکۆکی نێوان حکومەتی بەغدا و حکومەتی هەرێمی کوردستان و زاڵبوونی پێکهاتەیەکی دیاریکراو بەسەر جومگەی حووکمڕانی عێراق، تاوەکو ئێستا پەسەند نەکراوە، پەنجەی تۆمەتەکانیش بۆ دادگای فیدڕاڵی ئاراستە دەکرێن کە بووە بە داردەستی ئەو پێکهاتەیە.

ئەمە لە کاتێکدایە ڕۆژی 5ـی ئاداری 2024، حەییان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق له‌میانی پانێڵێكی پێنجەمین دیداری رافیدەین به‌ سپۆنسه‌ری كوردستان24 رایگه‌یاند "سەبارەت بە پرۆژەیاسای نەوت و گاز گفتوگۆمان لەگەڵ برایانمان لە هەرێمی کوردستان کردووە، زیاتر لە دانیشتنێکمان بۆ تاوتوێکردنی ئەم بابەتە لە هەولێر و بەغدا هەبووە بۆ ئەوەی بە گوێرەی کارنامەی حکوومەتی رەشنووسی پڕۆژەیاسای نەوت و گاز ئامادە بکەین".

حەییان عەبدولغەنی ئاماژەی بەوەش کرد: "رەشنووسەکه‌مان پێشتر ئامادەکردبوو، برایان لە هەرێم داوایان کرد، بڕگە بە بڕگە تاوتوێ بکرێت، زۆرێک لە بڕگە سەرەکییەکان تەواوکراون، بەڵام بەهۆی هاتنە پێشەوەی چەند رووداوێک گفتوگۆکان وەستان".