کاردینال ساكۆ: کریستییانەکان ترسیان لە سەلامەتی خۆیان هەیە

کاردیناڵ لویس ساکۆ،  پاتریارك و سەرۆكی كەنیسەی كلدانی لە عێراق و جیهان
کاردیناڵ لویس ساکۆ، پاتریارك و سەرۆكی كەنیسەی كلدانی لە عێراق و جیهان

K24 – هەولێر:

پاتریارك و سەرۆكی كەنیسەی كلدانی لە عێراق و جیهان ڕایگەیاند، سەرەڕای ئەوەی داعش تێکشکاوە، بەڵام وەک هزر بە بەهێزی ماوەتەوە.

دەیەیەک بەسەر هێرشی داعش بۆ سەر عێراق و بەدیاری کراوی بۆ سەر پارێزگای نەینەوا و شاری موسڵ تێدەپەڕێت و جارێکی دیکە باس لە هەڕەشەی سەرهەڵدانەوەی ئەو رێکخراوە دەکرێت، كاردینال لویس ساكۆ، پاتریارك و سەرۆكی كەنیسەی كلدانی لە عێراق و جیهان دەڵێت: ئەم شەڕانگێزییەی داعش بەردەوام نابێت.

كاردینال لویس ساكۆ، پاتریارك و سەرۆكی كەنیسەی كلدانی لە عێراق و جیهان، لە چاوپێککەوتنێکدا لەگەڵ پۆڕتاڵی ڤاتیکان نیوز ڕایگەیاند، هێرشەکەی داعش بۆ خەڵكی عێراق کارەساتێکی بەکۆمەڵ بوو کە کریستییان و پێکهاتەکانی دیکەشی گرتەوە. ئاماژەی بەوەشدا، ڕاستە داعش تێکشکاوە، بەڵام هزرەکەی بە بەهێزی ماوەتەوە.

لە وەڵامی پرسیارێکدا لەبارەی ئەو کارەساتەی بەسەر پێکهاتەکاندا هات کاردیناڵ ساکۆ دەڵێت: خەڵكی عێراق متمانەیان بە ئایندە نییە بۆیە وڵاتەکە جێدەهێڵن،  هەمیشە دەپرسن کەی وڵاتێکی سەردەمییانە و دیموکراسی و شارستانیان دەبێت، بەڵام دڵنیایان دەکەمەوە ئەم شەڕانگێزییەوە بەردەوام نابێت.

ئاشکراشی دەکات، کریستیانەکان ترسیان لەسەر سەلامەتی خۆیان هەیە چونکە عێراق سەقامگیر نییە و تەنانەت ئێزدییەکانیاش ترسیان هەیە. جەختیش دەکاتەوە، پێویستە فێربین چۆن لەڕێگەی گفتوگۆ کێشەکان چارە بکەین نەک بە بەکارهێنانی چەک.

کاردینال ساکۆ دەڵێت: تا ئێستەش کردەوەکانی ڕق و قینە بەردەوامن، وەک هێرشەکەی قەرەقوش کە تێیدا 133 کەس لە ئاهەنگێکی هاوسەرگیری گیانیان لە دەستدا.

Fly Erbil Advertisment