ئاسایشی سلێمانی: تەقەکەرەکانی قەرەداغ سەر بە داعشن
K24 – هەولێر:
ئاسایشی سلێمانی ڕایگەیاند: لە ئەنجامی لێکۆڵێنەوە لە ڕووداوەکەی قەرەداغ، دەرکەوت تەقەکەرەکان سەر بە ڕێکخراوی تیرۆریستی داعشن.
ئاسایشی سلێمانی لەبارەی ڕووداوەکەی قەرەداغ، لەمیانەی ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد: پاش گەیشتنی هێزەکانیان بە شوێنی ڕووداوەکە، بەدواداچوون و لێکۆڵینەوەی وردکرا بەهەماهەنگی سەرجەم هێزە ئەمنییەکان بەڵگەو زانیاری سەرەتایی دەستکەوت لەسەر لە ئەنجامدا دەرکەوت کە کردەوەیەکی تیرۆریستی یە و ئەنجامدەرانی سەربە ڕێکخراوی تیرۆریستی (داعش)ن.
9ـی ئابی 2024، ڕەئوف کەمال، قایمقامی قەرەداغ بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: کەمێک پێش ئێستا، دوو کارمەندى ئاسایش لە قۆپى قەرەداغ لەلایەن چەند گومانلێکراوێکەوە تەقەیان لێکراوە و کوژراون.
هەر چەند پێشتریش ئاسایشی سلێمانی بڵاوی کردبووەوە: "پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ کاتژمێر 5:00 لە ناوچەی (قەرەداغ) دوای ئەوەی مەفرەزەیەکی ئاسایشی قەرەداغ بەمەبەستی پاراستنی ئاسایش و ئارامی ناوچەکە و چاودێریکردنی ناوچەیەکی شوێنەواری لە ئەرکدابوون، چەند کەسێکی چەکدار بە مەبەستی دەرهێنان و بردنی شوێنەواری (نەرامسین) لە ناوچە شوێنەوارییەکە بوون، ڕووبەڕووی مەفرەزەکەی ئاسایش بوونەتەوە و بەداخەوە بووە هۆی شەهیدبوونی دوو کارمەندی ئاسایش"
قۆپی قەرەداغ دۆڵێکە دەکەوێتە قەزای قەرەداغ لە پارێزگای سلێمانی کە بە چیای سەگرمە دەست پێدەکات و بە چیای زەردە کۆتایی پێدێت و ناوچەکانی قەرەداغ و گەرمیان لەیەک جیادەکاتەوە.