حەسەکە؛ بە درۆن هێرش کرایە سەر بنکەیەکی سەربازانی ئەمەریکی

ئاگرکەوتنەوە لە نێو بنکەی سەربازانی ئەمەریکی لە حەسەکەی ڕۆژئاوای کوردستان
ئاگرکەوتنەوە لە نێو بنکەی سەربازانی ئەمەریکی لە حەسەکەی ڕۆژئاوای کوردستان

بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە 10ی ئابی 2024، لە باکووری ڕۆژهەڵاتی حەسەکەی ڕۆژئاوای کوردستان، بە درۆن هێرش کرایە سەر بنکەیەکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی کە سەربازانی ئەمەریکی تێدایە.

ڕوانگەی سووریی بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاوی کردووتەوە، هێرشەکە کراوەتە سەر بنکەیەکی سەربازانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی کە دەکەوێتە نزیک گوندی خەرابولجەیر لە دەشتاییەکانی ڕمێلان لە باکووری ڕۆژهەڵاتی حەسەکەی ڕۆژئاوای کوردستان.

هەروەها ئاماژەی داوە، درۆنەکە لە نێو بنکەکەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی کەوتووە خوارەوە کە سەربازانی ئەمەریکی تێدایە و  ئاگر لە نێو بنکەکە کەوتووەتەوە، بەڵام هیچ زانیارییەک لە بارەی زیانی گیانی بڵاو نەکراوەتەوە.

لە 19 تشرینی یەکەمی 2023ـەوە لە دوای هێرشی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر غەززە، هێرشی درۆن و مووشەکیی گرووپەکانی بەناو بەرەی مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق بۆ سەر بنکە سەربازییەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق و سووریا دەستی پێ کردووە و تەنیا لە ڕۆژئاوای کوردستان و سووریا 115 جار هێزەکانی ئەمەریکا هێرشیان کراوەتە سەر.