لێژنه‌ی ته‌ندروستیی په‌رله‌مانی عێراق: زۆرینه‌ی مادده‌ هۆشبه‌ره‌كان له‌ ده‌روازه‌ سنوورییه‌كانه‌وه‌ ئاودیوی عێراق دەکرێن

ماددە هۆشبەرەکان
ماددە هۆشبەرەکان

K24 – هەولێر:

ئەندامێکی لێژنەی تەندروستیی و ژینگە لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت: پێویسته‌ وه‌زاره‌تی ناوخۆ ڕێوشوێنی توندی ئه‌منیی له‌ ده‌روازه‌ سنوورییه‌كان بۆ رێگری له‌ قاچاخچێتی مادده‌ی هۆشبه‌ر بگرێته‌به‌ر.

زه‌ینه‌ب خه‌زره‌جی، ئەندامی ‌لێژنه‌ی ته‌ندروستی و ژینگه‌ی لە په‌رله‌مانی عێراق ڕایگه‌یاندووه‌، زۆرینه‌ی مادده‌ هۆشبه‌ره‌كان له‌ ده‌روازه‌ سنوورییه‌كانه‌وه‌ ئاودیوی عێراق دەکرێن بۆیە پێویسته‌ وه‌زاره‌تی ناوخۆ ڕێوشوێنی توندی ئه‌منیی له‌ ده‌روازه‌ سنوورییه‌كان بۆ رێگری له‌ قاچاخچێتی مادده‌ی هۆشبه‌ر بگرێته‌به‌ر، به‌جۆرێك زۆربه‌ی ئه‌و ماددانه‌ له‌ ده‌روازه‌ فه‌رمی و نافه‌رمییه‌كانه‌وه‌ ئاودیو ده‌بن و گرووپه‌ چه‌كداره‌كان‌ ئاسانكارییان بۆ ده‌كه‌ن.

به‌گوته‌ی خه‌زره‌جی: پێویسته‌ حكوومه‌ت به‌شێوه‌ی خولاوه‌ كارمه‌ندانی ئه‌منیی و كارمه‌ندانی ده‌روازه‌ سنوورییه‌كان ئاڵوگۆڕ پێ بكات، چونكه‌ به‌شێك له‌ كارمه‌ندانی ئه‌و شوێنانه‌ فێڵی یاسایی بۆ قاچاخچێتی به‌ مادده‌ هۆشبه‌ره‌كان ده‌دۆزنه‌وه‌.

به‌پێی به‌رێوه‌به‌رایه‌تیی كاروباری مادده‌هۆشبه‌ره‌كانی عێراق، نزیكه‌ی 7 هه‌زار كه‌س به‌تۆمه‌تی مادده‌ی هۆشبه‌ر له‌سه‌ره‌تای ئه‌مساڵ ده‌ستگیر كراون و نزیكه‌ی 10 تۆن مادده‌ی هۆشبه‌ریش ده‌ستی به‌سه‌ردا گیراوه‌، هه‌روه‌ها نزیكه‌ی 30 بازرگان كوژراون و نزیكه‌ی 100 كه‌سیش سزای له‌سێداره‌دان و زیندانیان به‌سه‌ردا بڕاوه‌ته‌وه‌.