لە هێرشێکی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە سووریا ژمارەیەک سەربازی ئەمەریکی بە سووکی بریندار بوون

یەکشەممە، 11ـی ئابی 2024، بەرپرسێکی ئەمەریکی ڕایگەیاند، ژمارەیەک لە هێزەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانان، لە هێرشێکی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە سووریا بریندار بوون.
دەشڵێت: ئەوە دووەم هێرشی گەورە بووە، لەماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا دژی هێزەکانی ئەمەریکا، ئەوەش له کاتێکدایه که گرژییه کانی ڕۆژهەڵاتی ناوەراست زۆرتر بووە .
ئەو بەرپرسە لەلێدوانیکیدا بۆ ئاژانسی ڕۆیتەرز ئاماژەی بەوەش کرد، برینی سەربازەکان سەخت نین، بەڵام هەندێکیان گوازراونەتەوە بۆ شوێنیکی جیا بۆ هەڵسەنگاندنی زیاتر.
ڕۆژی شەممە 10ی ئابی 2024، لە باکووری ڕۆژهەڵاتی حەسەکەی ڕۆژئاوای کوردستان، بە درۆن هێرش کرایە سەر بنکەیەکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی کە سەربازانی ئەمەریکی تێدایە.
ڕوانگەی سووریی بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاوی کردووتەوە، هێرش کراوەتە سەر بنکەیەکی سەربازانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی کە دەکەوێتە نزیک گوندی خەرابولجەیر لە دەشتاییەکانی ڕمێلان لە باکووری ڕۆژهەڵاتی حەسەکەی ڕۆژئاوای کوردستان.
هەروەها ئاماژەی داوە، درۆنەکە لە نێو بنکەکەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی کەوتووە خوارەوە کە سەربازانی ئەمەریکی تێدایە و ئاگر لە نێو بنکەکە کەوتووەتەوە، بەڵام هیچ زانیارییەک لە بارەی زیانی گیانی بڵاو نەکراوەتەوە.
لە کاتێکدا دووشەممەی ڕابردوو دوو مووشەکی کاتیۆشا ئاراستەی بنکەی ئاسمانی عەین ئەسەد لە پارێزگای ئەنبار لە ڕۆژئاوای عێراق 7 سەربازی ئەمەریکی بریندار بوون.
ئەمەریکا 900 سەرباز لە سوریا و دوو هەزار و 500 سەربازیش لە عێراق جێگیر دەکات و دەشڵێت ئەوان لە ئەرکێکدان بۆ ڕاوێژکردن و هاوکاریکردنی هێزەکانی هەردوو وڵات بۆ ڕێگریکردن لە گەڕانەوەی داعش، کە لە ساڵی 2014 پێش شکستی دواتر دەستی بەسەر ناوچەیەکی فراوانی عێراق و سوریادا گرت.