قایمقامی هەولێر: لە هەموو کوردستان، بازاڕی قەیسەری تایبەتمەندیی خۆی هەیە
قایمقامی هەولێر ڕایگەیاند: بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی هەولێر لە بازاڕی قەیسەری هەولێر پێشانگای "ئەوان دەیسووتێنن ئێمە نۆژەنی دەکەینەوە "ی کردەوە.
یەکشەممە، 11ـی ئابی 2024، نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی هەولێر، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی هەولێر ئەم پێشانگایەی لە بازاڕی قەیسەری هەولێر کردووتەوە، وەڵامدانەوەیە بۆ ئەوانەی قەیسەرییان سووتاند کە تێبگەن ئەوەی ئەوان دەیسووتێنن، ئێمە نۆژەن و ئاوەدانی دەکەینەوە.
قایمقام دەڵێت: بەر لە زیاتر لە دوو مانگ و نیو، چەند کەسێک ئەم بازاڕەیان سووتان زیانێکی زۆریان بە خەڵکی هەولێر گەیاند.
دەشڵێت: بازاڕی قەیسەری تایبەتمەندی خۆی هەیە، لە هەموو کوردستان نەک تەنیا هەولێر، کۆنترین بازاڕە، خەڵکێکی ڕەسەنی ئەم شارە لێرە کار دەکەن. ئەو گروپە تیرۆرستییەی بە ئاشکرا بە هاوکاریی چەند لایەنێک ئەو کارەیان کرد، خەیاڵیان خاوە بتوانن ئامانجە گلاوەکانیان بەدی بێنن.
نەبەز عەبدولحەمید ڕاشیگەیاند: حکوومەتی هەرێم ئەم بازاڕە نۆژەن دەکاتەوە، پاش ئەوەی سەرۆکوەزیران بە کەمتر لە 24 کاتژمێر دوای سووتاندنی بازاڕەکە، سەردانی کرد و هەر ئەوکاتە بەڵێنی بە کاسبکاران دا ئەو دەستە تاوانکارە بدۆزێتەوە. بەخۆشییەوە پاش ماوەیەکی کەم، بە هاوکاریی حکوومەتی عێراقی توانرا ئەو تیرۆرستانە دەسگیر بکرێن.