بەرەی تورکمانی: دانانی پارێزگار و سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک پێشێلکردنی یاسا و ڕێککەوتنەکانە و ڕەتی دەکەینەوە

حەسەن تۆران سەرۆکی بەرەی تورکمانی یەکگرتوو لە عێراق
حەسەن تۆران سەرۆکی بەرەی تورکمانی یەکگرتوو لە عێراق

بەرەی تورکمانیی یەکگرتوو لە عێراق، ڕایگەیاند: کۆبوونەوەکەی هەڵبژاردنی پارێزگار و سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە بەغدا، پێشێلکردنی یاسا و ڕێککەوتنەکانە و لە دادگا سکاڵا تۆمار دەکەن بۆ هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکان.

لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، حەسەن تۆران، سەرۆکی بەرەی تورکمانی یەکگرتوو لە عێراق گوتی: ئەوەی شەوی ڕابردوو لە هۆتێل ڕەشید لە بەغدا کراوە پێشێلکردنی یاساکانە. گوتیشی: تێبینی یەکەمان لە سەر پێکهێنانی ئیدارەی خۆجێیی کەرکووکە لە دەرەوەی پێکهاتەی هاوپەیمانیی پارێزگای کەرکووکە کە سەرۆکوەزیران سوودانی پێکی هێناوە. ئێمەش هەر لە سەرەتاوە پشتیوان بووین لە سەرخستنی پرۆژەی حکوومەتەکەی سەرۆکوەزیران، بەڵام ئەو ئیدارەیەی پێک هێنراوە، ئێمە بە پێشێلکردنێکی سیاسیی دەزانین.

ڕاشیگەیاند، کۆبوونەوەکە پێچەوانەی بڕگەی 13 لە ماددەی چوارەم لە یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانە کە تێیدا هاتووە "دابەشکردنی دەسەڵاتەکان دەبێت نوێنەرایەتییەکی دادپەروەرانە بێت بۆ مسۆگەرکردنی بەشداریی پێکهاتەکانی پارێزگا بە لەبەرچاوگرتنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن".

گوتیشی: لەگەڵ ئەوەی دانیشتنەکەی هۆتێل ڕەشید بەبێ ڕێککەوتنی پێکهاتەکان لە بەغدا و بەبێ ئامادەبوونی پێکهاتەی تورکمان بەڕێوە چووە، ئەمەش پێشێلکردنی دەقی ئەو کۆنووسەیە لە دانیشتنی یەکەمی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە 11/7/ 2024 ڕێککەوتنی لەسەر کرا بۆ ئەوەی هەموو لایەنەکان پاند بن و پێش دانیشتنی دووەمی ئەنجوومەن ڕێککەوتن بکەن.

تۆران ڕاشیگەیاند "بۆیە دانیشتنی هەڵبژاردنی پارێزگار و سەرۆکی ئەنجوومەن پێشێلکارییەکی زەق و ئاشکرای یاسایە و هەمووان دەزانن دانیشتنەکە بەبێ ئاگاداری و بانگهێشتی سەرۆکی بەتەمەنی ئەنجوومەنی پارێزگا بووە. ئەمەش پێشێلکردنی ماددەی حەوتەمە لە یاسای ژمارە 21ی ساڵی 2008 ی ئەنجوومەنی پارێزگاکان دووپاتدەکاتەوە بۆیە دەرئەنجامەکانی دانیشتنەکە بە پێچەوانەی یاسا دەزانین و پەنا دەبەینە بەر دەسەڵاتی دادوەری بۆ هەڵوەشاندنەوەی هەر بڕیارێک و دابەشکارییەک لە کۆبوونەوەکەی هۆتێل ڕەشید کراوە".

هەروەها ڕەخنەی لە بەشێک لە سەرکردە سیاسییەکان گرت و گوتی: هەندێک لە سەرکردەکان، کەرکووکیان کردووەتە کارتێکی سازش کردن بۆ خزمەتکردن بەخۆیان کە هیچ پەیوەندییەکی بە خزمەتکردنی کەرکووکەوە نییە، هەندێک لایەنەکان باسی هاوسەنگیی هەڵبژاردن دەکەن، بەڵام ئێمە لە بەرەی تورکمانیی یەکگرتووی عێراق، بەبێ وردبینی کردنەوەی تۆماری دەنگدەران دان بە ئەنجامەکانی هەڵبژاردن و هاوسەنگیی هەڵبژاردن نانێین؛ هەروەک چۆن لە دادگای فیدراڵیش سکاڵامان تۆمار کردووە بۆ ئەوەی وردبینی لە تۆماری دەنگدەران بکرێتەوە بۆ هەڵبژاردنەکانی داهاتوو.

ئاماژەشی دا "هەندێک بڕوایان وایە چارەکردنی کێشەکانی کەرکووک بە دابەشکردنی پۆستەکان دەبێت، بەڵام لە بنەڕەتدا کێشەکانی کەرکووک پێویستی بە ڕێکخستنەوە و گێڕانەوەی متمانەیە لە نێوان پێکهاتەکان، هەربۆیە ئێمە بڕوامان وایە ئەوەی دوێنێ کراوە بۆ تێکدان و لە باربردنی ئەو متمانەیەیە کە چاوەڕوانی بووین هەنگاوی جددی بۆ گەڕاندنەوەی متمانەی پێکهاتەکان بکرێن".  

سەرۆکی بەرەی تورکمانیی یەکگرتوو لە عێراق گوتیشی: ئێمە وەک تورکمانەکانی کەرکووک بە پەرۆشین بۆ پێکەوە ژیانی ئاشتیانە پێکهاتەکانی کەرکووک و ڕێکخستنەوە و گێڕانەوەی متمانە لە نێوان پێکهاتەکان، هەر لەو پێناوەدا شەش مانگ لەمەوبەر پێشنیازی خۆمان پێشکەشی لایەنەکان کرد و ڕامان گەیاند کە دابەشکردنی پلە و پۆست چارەی دۆخەکە ناکات، چونکە کێشەکانی کەرکووک ڕیشەیەکی کۆنیان هەیە و لە پرسی ئابووریی، زەوی و زار و ئیدارەی هاوبەش دەگرێتەوە کە پێویستی بە ڕێککەوتنی تەواوی پێکهاتەکانە.