نەبەز عەبدولحەمید: بەدواداچوون بۆ کارپێکردنی زیاتر لە هەزار موەلیدەی شاری هەولێر دەکەن

قایمقامی قەزای ناوەندی هەولێر ئاماژە بەوە دەکات، زیاتر لە هەزار موەلیدەی کارەبای ماڵان، لە شاری هەولێر هەیە و بەدواداچوونی لەناکاو بۆ کارپێکردنی ئەو موەلیدانە دەکەن، دەڵێت: هەر یەک لەو موەلیدانە پابەندی ڕێنماییەکانی پاراستنی ژینگە نەبن، سزا دەدرێن.
یەکشەممە 11ـی ئابی 2024، نەبەز عەبدولحەمید، قائیمقامی قەزای ناوەندی هەولێر ڕایگەیاند: لەناو سەنتەری شاری هەولێر زیاتر لە هەزار مۆلیدەی کارەبای ماڵان لە گەڕەکەکان هەن کە پێشتر بڕیاری بێدەنگ کردنیان درابوو لەگەڵ چارەسەرکردنی دووکەڵیان، گوتی: ئێستاش بەدواداچوونی بەردەوام بۆ ئەو موەلیدانە دەکرێت.
قائیمقامی قەزای ناوەندی هەولێر ڕایگەیاند: چەند رۆژ پێش ئێستا بڕیارەکانی پارێزگا لەبارەی پاراستنی ژینگە، چەند لێژنەیەکی بۆ جێبەجێکردنی پێکهات، لێژنەکە لەناکاو بەدواداچوون بۆ موەلیدەکان دەکات و نموونەی گازوایلەکان دەنێردرێنە تاقیگە، لەسەر ئەنجامی ئەو پشکنینە بڕیار لەسەر موەلیدەکان دەدرێت، دەڵێت: بەدواداچوون بۆ ژاوەژاوی موەلیدەکانیش دەکرێت، ئەوەی پابەندی ڕێنماییەکانی ژینگە نەبێت، پێی بژاردنی بۆ دەکرێت یاخود دەدرێتە دادگا، ئەگەر هەر پابەند نەبێت، شوێنەکەی لێ وەردەگیرێتەوە.
نەبەز عەبدولحەمید گوتی: لێژنەکان بەردەوام بەدواداچوون بۆ پرسی پاراستنی ژینگە دەکەن، داوای لە هاووڵاتییانیش کرد لەهەرگرفتێکی موەلیدەکان ئاگاداریان بکەنەوە بۆ ئەوەی بەدواداچوونی بۆ بکەن، گوتیشی: هەفتەی ڕابردوو، خاوەنی پێنج موەلیدە بەهۆی پابەند نەبوون بە ڕێنماییەکان سزا دراون.