وەزارەتی تەندروستی لەبارەی دەوامی پزیشکانی پسپۆر و نیشتەجێی دێرین چەند بڕیارێک دەدات

وەزارەتی تەندروستی
وەزارەتی تەندروستی

K24 – هەولێر:

وەزارەتی تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پزیشکانی پسپۆر و نیشتەجێی دێرین ئاگادار دەکاتەوە و دەڵێت: دەبێت لە ڕۆژانی ئێشکگری بە بەردەوامی لە نەخۆشخانە بن. هەروەها ئاماژەی بەوە دا، کە نابێت پزیشکی پسپۆر لە ڕۆژی ئێشکگری لە نەخۆشخانەی تایبەت یان نۆرینگەی تایبەت دەوام بکات، بەڵکو  تەواوی ئێشکگری لە دەوامی حکوومی دەبێت.

وەزارەتی تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی دەوامی پزیشکانی پسپۆر و نیشتەجێی دێرین چەند بڕیارێکی دەرکرد و گشتاندنی پێ کردووە بۆ سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییە گشتییە تەندروستییەکانی هەرێمی کوردستان.

لە بڕیارەکانی وەزارەتی تەندروستیدا هاتووە: دەبێت پزیشکی پسپۆر و پزیشکی نیشتەجێی دێرین لە ڕۆژانی ئێشکگری بە بەردەوامی لە نەخۆشخانە بن، هەروەها نابێت پزیشکی پسپۆر لە ڕۆژانی ئێشکگری لە نەخۆشخانەی تایبەت یان نۆرینگەی تایبەت دەوام بکات، بەڵکو تەواوی ئێشکگری لە دەوامی حکوومی دەبێت.

لە بەشێکی دیکەی بڕیارەکاندا ئاماژە بەوە کراوە: کە نابێت ڕۆژی ئێشکگری پزیشکی پسپۆر و پزیشکی نیشتەجێی دێرین بە شێوەی پەیوەندی (On Call) لە دەرەوەی نەخۆشخان بن و لەکاتی بوونی نەخۆش پەیوەندییان پێوە بکرێت، بەڵکو پێویستە بە بەردەوام لەناو نەخۆشخانە بن.

وەزارەتی تەندروستی جەخت لەوە دەکاتەوە، بەکارهێنانی ئامرازەکانی وێنە و ڤیدیۆی نەخۆش و ڕاوێژکردن بە مۆبایل و هەر ئامرازێکی دیکە بە تەواوەتی قەدەغەیە، تەنیا پێویستە نەخۆش ڕاستەوخۆ پشکنین و چارە بکرێت بە ئامادەبوونی پزیشک.

وەزارەتەکە ئەوەشی خستەڕوو، پزیشکی نیشتەجێی خولاو و دێرین بۆ نییە ڕاوسەرنج و ڕاسپاردە و راوێژکاری بە تەلەفۆن لە پزیشکی ئێشکگر وەربگرێت، بەڵکو پێویستە ئامادە بێت لەلای نەخۆش.

1
Fly Erbil Advertisment