خالید مەفرەجی: یەکێتی تاکڕەوانە دانوستانەکانی تێکدا

خالید مەفرەجی، سەرۆکی حزبی سیادە لە کەرکووک
خالید مەفرەجی، سەرۆکی حزبی سیادە لە کەرکووک

K24 – هەولێر:

سەرۆکی حزبی سیادە لە کەرکووک دەڵێت: ئەو بەرەیەی کە ئێمە لەگەڵ پارتی، تورکمان و پارتەکانی دیکە پێکمان هێنابوو زۆرینەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بووین، بەڵام لەبەر ئەوەی کە یەکێتی لەگەڵ ئێمە نەبوو، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا کۆبوونەوەمان نەکرد و بە قسەی سەرۆکوەزیرانی عێراق دوامان خست.

خالید مەفرەجی، سەرۆکی حزبی سیادە لە کەرکووک، لەبارەی هەڵبژاردنی پارێزگار، جێگری پارێزگار و سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، گوتی: لە دانوستانەکاندا پەیوەندییمان لەگەڵ هیچ حزبێک نەپچڕاندووە، چونکە کەرکووک شارێکی هەمەچەشنە و پێویستە هەموو لایەک بەشداری لە پێکهێنانی حکوومەتی خۆجێیی بکەن.

سەرۆکی حزبی سیادە لە کەرکووک، ئاماژەی بەوە کرد: ئێمە لەگەڵ یەکێتی گفتوگۆمان کرد، ئەوان داوای پۆستی پارێزگاریان کرد، بە هەمان شێوە پارتی و تورکمانیش داوای پۆستەکەیان دەکرد.

جەختی لەوە کردەوە: هەندێک داواکاری هەبوون قابیلی ئەوەبوون قسەیان لەسەر بکرێت. هاوکات گوتی: ئێمە ڕێککەوتین لەنێوان خۆماندا کێشەکان چارە بکەین.

ناوبراو گوتیشی: "ئەو بەرەیەی کە ئێمە لەگەڵ پارتی، تورکمان و پارتەکانی دیکە پێکمان هێنابوو زۆرینەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بووین، بەڵام لەبەر ئەوەی کە یەکێتی لەگەڵ ئێمە نەبوو لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا کۆبوونەوەمان نەکرد و بە قسەی سەرۆکوەزیرانی عێراق دوامان خست."

خالید مەفرەجی، ڕوونیکردەوە، کاتێکی زۆرینەیان لە ئەنجوومەن بەدەستهێنا و بڕیاری کۆبوونەوەیان دا، بەڵام ئەو کات یەکێتی رەتی کردەوە بەشداری بکات بە پاساوی دەبێت کۆبوونەوەک داخراو بێت.

لەبارەی کۆبوونەوەکەی دوێنێ شەو لە هۆتێلی ڕەشید، سەرۆکی حزبی سیادە لە کەرکووک، دەڵێت: بە داخەوە یەکێتی تاکڕەوانە بڕیاریدا و دانوستانەکانی تێکدا.

گوتیشی: محەممەد حافز کە پێشتر سەرکردەبوو لە حزبی سیادە لەدوا ڕێککەوتن پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەرگرتووە، بەهۆی لادان و پابەندنەبوونەوە بڕیاری دوورخستنەوەی دراوەو چیتر ئەندامێک نییە لای ئێمە.

خالید مەفرەجی، سەرنجی بۆ ئەوە ڕاکێشا، حەوت ئەندامی ئەنجوومەن ئاگاداری کۆبوونەوەکەی دوێنێ شەو نەبوون، هەروەها ناکرێت بەخێر پۆست بە عەرەب بدرێت.

لە درێژەی قسەکانیدا ئەوەی خستەڕوو: هەر کەسێک بەشداری کۆبوونەوەکەی دوێنێ شەوی کردووە پێویستە داوای لێبوردن لە هەموو خەڵکی کەرکووک بکات، چونکە کۆبوونەوەکە شەرعی نەبوو، تەواوی پێکهاتەیەک بەشدار نەبوو هەروەها پێکهاتەی عەرەبیش نیوەی بەشدار نەبوون

شەوی شەممە 10ـی ئابی 2024 بەبێ بەشداریی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەرەی تورکمانی و ژمارەیەک ئەندامی عەرەبی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە بەغدا، پارێزگار و سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک هەڵبژێردران. ڕێبوار تەها بە پارێزگار و محەممەد حافزیش بە سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک هەڵبژێردران.

پێش ئەوەی کۆبوونەوەکە بکرێت، فراکسیۆنەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەرەی تورکمانی و هاوپەیمانیی عەرەبی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە سێ ڕاگەیەندراوی جیاوازدا ڕەتیان کردەوە بەشداریی کۆبوونەوەکە بکەن و بە "نایاسایی" ناویان برد.

Fly Erbil Advertisment