بەشیر حەداد: پێکەوەژیان فاکتەری هێزە لە هەرێمی کوردستان

قەشە زیا شابا: کولتووری پێکەوەژیان لە هەرێمی کوردستاندا لەمێژە هەیە و ڕەگی داکوتاوە

بەشیر حەداد، سەرۆکی بۆردی گوتاری ئایینی لە وەزارەتی ئەوقاف، پیر خەڵات، شارەزا لە ئایینی ئێزدییان و قەشە زیا شابا، قەشەی کۆیە و هەرمۆتە
بەشیر حەداد، سەرۆکی بۆردی گوتاری ئایینی لە وەزارەتی ئەوقاف، پیر خەڵات، شارەزا لە ئایینی ئێزدییان و قەشە زیا شابا، قەشەی کۆیە و هەرمۆتە

K24 – هەولێر:

سەرۆکی بۆردی گوتاری ئایینی لە وەزارەتی ئەوقاف، شارەزایەکی ئایینیی ئێزدییان و قەشەی کۆیە و هەرمۆتە، لەمیانەی بەشدارییان لە بەرنامەی باسی ڕۆژی کوردستان24 کە ژینۆ محەممەد پێشکەشی دەکات، ڕایانگەیاند: هەرێمی کوردستان لانکەی پێکەوەژیانە و لە هەرێمەکە جێگەی گوتاری ڕق و کینە نابێتەوە.

بەشیر حەداد، سەرۆکی بۆردی گوتاری ئایینی لە وەزارەتی ئەوقاف، ڕایگەیاند: هەرێمی کوردستان لانکەی پێکەوەژیانە، ئەو پێکەوەژیانەش لە دێر زەمانەوە هەیە. هاوکات دەڵێت: شانازی بە پێکەوەژیان لە هەرێمی کوردستان دەکەین.

سەرۆکی بۆردی گوتاری ئایینی لە وەزارەتی ئەوقاف، ئاماژەی بەوە کرد: هەرێمی کوردستان باوەشی دۆستانەی بۆ هەموو پێکهاتە و ئایینە جیاوازەکان کردووەتەوە.

باسی لەوەش کرد: کەسانێک هەن دژی پێکەوەژیانن لە هەرێمی کوردستان چونکە چاویان بە هەرێمەکە هەڵنایەت. جەختی لەوەش کردەوە، پەیوەندی نێوان کەسایەتییە ئایینییەکان لە هەرێمی کوردستان زۆر باشە.

هاوکات دەڵێت: پێکەوەژیان فاکتەری هێزە لە هەرێمی کوردستان، هەروەها ڕۆڵی حکوومەت لە قوڵکردنەوەی بیری پێکەوەژیان گرنگە.

بەشیر حەداد، هێمای بۆ ئەوە کرد: لەگەڵ کریستییانەکان لە زۆر بواردا هاوڕان، هەروەها جەختی لە بەردەوامی گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە لەنێوان کەسایەتییە ئایینییەکاندا کرد.

ناوبراو گوتیشی: "پێشنیازم کردووە ساڵانە کەسایەتییە ئایینییەکان کۆببنەوە، هەروەها تێگەیشتنی دروست لە ئایینەکان کۆمەڵگە ئاوەدان دەکاتەوە و خراپ تێگەیشتن لە ئایین مەترسیدارە."

سەرنجی خستە سەر ئەوەش، کە پێویستە یاسایەک بۆ پاراستنی ئایینەکان لە هەرێمی کوردستان دابندرێت.

لەلایەکی دیکەوە پیر خەڵات، شارەزا لە ئایینی ئێزدییان، ڕایگەیاند: ئەو پێکەوەژیانەی لە هەرێمی کوردستان هەیە شتێکی زۆر پیرۆزە و ڕێز لێ گیراوە، هەروەها هەرێمەکە لانکەی پێکەوەژیانە.

ناوبراو جەختی لەوە کردەوە، ئەو لێدوانە ڕق و کینەیەی کە دراوە پلانی دووژمن و ناحەزانە، هەروەها لەناو ئێزیدییان جێگەی گوتاری ڕق و کینە نابێتەوە.

هەروەها ڕایگەیاند: میری ئێزدییان لە پێکەوەژیاندا ڕۆڵی گرنگی هەیە، بەڵام دووژمنان بە پلان هەوڵ دەدەن پێکەوەژیان لە هەرێمی کوردستان تێک بدەن.

پیر خەڵات، جەختی لەوە کردەوە، کە پێویستە یاسایەک بۆ پاراستنی ئایینەکان دابندرێت. گوتیشی: "هێرشکردنە سەر هەر ئایینێکی دیارییکراو ڕەتدەکەینەوە و ڕێزگرتنی مرۆڤ لە ئایینی ئێزدی بەرنامەیە."

هێمای بۆ ئەوەش کرد: پیاوانی ئایینی ئێزدی بەردەوام گوتاری پێکەوەژیانیان هەیە.

لەلایەن خۆیەوە قەشە زیا شابا، قەشەی کۆیە و هەرمۆتە، گوتی: پێکەوەژیان لە هەرێمی کوردستاندا هەیە و دەسەڵاتیش لەگەڵ پێکەوەژیانی ئاشتییانەی نێوان سەرجەم پێکهاتە و ئایینەکانە.

باسی لەوەش کرد: پێویستە زیاتر گرنگی بەو پێکەوەژیانە بدەین تا زیاتر بەرەو پێش بچێت، هاوکات حکوومەت پشتیوانیی لە پێکەوەژیان دەکات.

ناوبراو گوتیشی: کولتووری پێکەوەژیان لە هەرێمی کوردستاندا لەمێژە هەیە و ڕەگی داکوتاوە.

لە درێژەی قسەکانیدا ئەوەی خستەڕوو، پێویستە گفتوگۆ و برایەتی لەنێوان ئایینەکاندا بەردەوام بێت، هەروەها لەلای کریستییانەکان مرۆڤایەتی لە هەموو شتێک گرنگترە.

Fly Erbil Advertisment