ئەرشەد ساڵحی: بە پێکهێنانی حکوومەتی خۆجێیی کەرکووک سەرمان سوڕما

سەرۆکی فراکسیۆنی تورکمانی لە پەرلەمانی عێراق، پێکهێنانی حکوومەتی خۆجێیی کەرکووک بە "نایاسایی" ناو دەبات و دەڵێت: چاوەڕێی بڕیاری دادگای فیدراڵی دەکەین.
ئەرشەد ساڵحی، سەرۆکی فراکسیۆنی تورکمانی لە پەرلەمانی عێراق، پەیامێکی ڤیدیۆیی لەبارەی پێکهێنانی حکوومەتی خۆجێی کەرکووک لە بەغدا؛ لەلایەن یەکێتی و ژمارەیەک ئەندامی عەرەبی ئەنجوومەنی پارێزگاکە بڵاو کردەوە.
ساڵحی لە پەیامەکەیدا باسی لەوە کردووە " بە پێکهێنانی حکوومەتی خۆجێیی کەرکووک لە بەغدا،سەرمان سوڕما. بەبێ ئەوەی ئەندامانمان بە شێوەیەکی فەرمی لەم بڕیارە ئاگادار بکرێنەوە".
سەرۆکی فراکسیۆنی تورکمانی لە پەرلەمانی عێراق کۆبوونەوەکەی بەغدا بە "نایاسایی" ناو دەبات، چونکە وەکو خۆی ئاماژەی پێ کردووە، لە کەرکووک نەکراوە و لە چوارچێوە یاساییەکەیدا بەڕێوە نەچووە.
یەکشەممە، 11-08-2024، حەسەن تۆران، سەرۆکی بەرەی تورکمانی یەکگرتوو لە عێراق لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، دانانی پارێزگار و سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک پێشێلکردنی یاسا و ڕێککەوتنەکانە و ڕەتی دەکەنەوە. باسی لەوەش کرد "پەنا دەبەینە بەر دەسەڵاتی دادوەری بۆ هەڵوەشاندنەوەی هەر بڕیارێک و دابەشکارییەک لە کۆبوونەوەکەی هۆتێل ڕەشید کراوە".
لەبارەی ئەوەی هەڵوێستی داهاتوویان چی دەبێت لە بەرانبەر پێکهێنانی حکوومەتی خۆجێیی کەرکووک، ئەرشەد ساڵحی گوتی: چاوەڕێی بڕیاری دادگای فیدراڵی لەبارەی کۆبوونەوە نایاساییەکە بەغدا دەکەین.
شەوی شەممە، 10-08-2024، بێ بەشداریی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەرەی تورکمانی و ژمارەیەک ئەندامی عەرەبی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە بەغدا، پارێزگار و سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک هەڵبژێردران. ڕێبوار تەها بە پارێزگار و محەممەد حافزیش بە سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک هەڵبژێردران.
پێش ئەوەی کۆبوونەوەکە بکرێت، فراکسیۆنەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەرەی تورکمانی و هاوپەیمانیی عەرەبی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە سێ ڕاگەیەندراوی جیاوازدا ڕەتیان کردەوە بەشداریی کۆبوونەوەکە بکەن و بە "نایاسایی" ناویان برد.
لە کۆبوونەوەکەی بەغدا، زیاتر لە 40 پۆستی گرنگ بە تورکمان و عەرەبەکانی کەرکووک دراون، لە بەرامبەردا تەنها شەش پۆست بە پێکهاتەی کورد، کە زۆرترین دەنگی ئەنجوومەنی پارێزگاکەی بەدەست هێناوە، دراون.
کۆی گشتیی ژمارەی کورسییەکانی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک 16 کورسین و ژمارەی کورسیی لایەنەکانیش لە دوایین هەڵبژاردن، بەم شێوەیە بوو:
1. کورد: حەوت کورسی (یەکێتی پێنج و پارتیش دوو)
2. عەرەب: شەش کورسی
3. تورکمان: دوو کورسی
4. یەک کورسیش بۆ کۆتای