ئافرەتانی چالاکوانی ئەفغان داوای سەپاندنی سزا بەسەر حکوومەتی تاڵیبان دەکەن

ئافرەتانی چالاکوانی ئەفغانستان
ئافرەتانی چالاکوانی ئەفغانستان

گرووپێک لە چالاکوانانی ئافرەتی ئەفغان بە نوێنەرایەتیی بزووتنەوەی دادپەروەری و داکۆکیی مافەکانی کچان و ئافرەتانی ئەفغانستان لە ڕاگەیەندراوێکدا داوای بە هاناوەچوون لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی دەکەن بۆ ئەوەی سزاکانی سەر بزووتنەوەی تاڵیبان و حکوومەتەکەی قورستر بکەن.

چالاکوانەکان، داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەن دان بە حکوومەتی تاڵیباندا نەنێن و بە دەسەڵاتی شەرعی نەیناسێنن. لەگەڵ ئەمەشدا فشارێکی نێودەوڵەتی لە دژی تاڵیبان دروست بکرێت بۆ ئەوەی کۆتایی بە زیندانکردنی نهێنی و دادگایی کردنی هاووڵاتییان بهێنێت.

هەروا داوا دەکەن چارەنووسی کچان و ئافرەتانی ئەفغان لە کۆبوونەوە نێودوەڵەتییەکان بە هەند وەربگیرێت و بڕیاری جددی لە دژی ژڕێمی تاڵیبان بدرێت بۆ ئەوەی هەنگاوی کۆنکرێتی بگیرێتەبەر.

لە دوای گەڕانەوەی تاڵیبان بۆ دەسەڵاتی ئەفغانستان لە ئابی 2021ـەوە تاوەکوو ئێستا، کچانی ئەفغان لە خوێندن و چوونە سەر کار و گەڕان بەبێ پەچە کۆتوبەند کراون. جیا لەمەش چەندین چالاکی مەدەنی و داکۆکیکار لە مافەکانی مرۆڤ، بەتایبەت ئافرەتان دەستگیرکراون و لە گرتووخانە نهێنییەکانی تاڵیبان دادگایی دەکرێن.

Fly Erbil Advertisment