سێ كچی ئێزدی له كه‌مپی هۆل ئازاد ده‌كرێن
سێ كچی ئێزدی له كه‌مپی هۆل ئازاد ده‌كرێن، هاوكات گه‌ڕان به دوای چاره‌نووسی كچان و ئافره‌تانی دیكه‌ی ئێزدی كه له ژێر ده‌ستی داعشدان، به‌رده‌وامه.
به پێی زانیارییه‌كانی ماهیر شنگالی، په‌یامنێری كوردستان24، ڕۆژی دووشه‌ممه، 12ـی ئابی 2024، سێ كچه ئێزدی دیكه كه له ژێر ده‌ستی داعشدا بوون، له كه‌مپی هۆل له سووریا ڕزكار كران و گه‌ڕانه‌وه ناو كه‌سوكاریان.
حوسێن قائیدی، به‌ڕێوه‌به‌ری نووسینگه‌ی رزگاركردنی ئێزدییه ڕفێندراوه‌كان له‌م باره‌وه تایبه‌ت به كوردستان24 گوتی، تا ئێسته 3581 كچان و ئافره‌تانی ئێزدی ژێر ده‌ستی داعش ڕزگار كراون و تا ئێسته‌ش 2592 كچ و ئافره‌تی دیكه‌یش له ژێر ده‌ستی داعشدا ماون.
حوسێن قائیدی ئاماژه‌ی به ڕۆڵی ته‌واوی داموده‌زگه په‌یوه‌ندیداره‌كانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كرد له هه‌وڵه‌كانیان بۆ ڕزگاركردنی كچان و ئافره‌تانی ئێزدی ژێر ده‌ستی داعش.
له لای خۆیه‌وه نازم هه‌ركی، به‌رپرسی لقی 17ـی پارتی دیموكراتی كوردستان تایبه‌ت به كوردستان24 گوتی، خۆشحاڵن به گه‌ڕاندنه‌وه‌ی كچان و ئافره‌تانی ژێر ده‌ستی داعش و هه‌وڵه‌كانیشیان بۆ ڕزگاركردنی ته‌واوی ئه‌وانه به‌رده‌وام ده‌بێت هێشتا ڕزگار نه‌كراون.
نازم هه‌ركی هاوكات سوپاسی سه‌رۆكوه‌زیران مه‌سرور بارزانی و حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كه له هه‌وڵه‌كانیان بۆ ڕزگاركردنی ئێزدییه ڕفێنراوه‌كانی ژێر ده‌ستی داعش به‌رده‌وام بن.
پێنجشه‌ممه 7ـی ئاداری 2024، حوسێن قائیدی، به‌ڕێوه‌به‌ری نووسینگه‌ی ڕزگاركردنی ئێزدییه رفێندراوه‌كان تایبه‌ت به كوردستان24 گوتی، یه‌كێك له ئه‌ركه سه‌ره‌كییه‌كانیان بریتییه له دۆزینه‌وه‌ی كچان و ژنانی رفێندرا‌و له‌لایه‌ن چه‌كدارانی داعشه‌وه، كه بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش له‌وه‌ته‌ی ده‌ستبه‌كاربوونی نووسینگه‌كه توانیویانه هه‌وڵی رژد له‌و پێناوه‌دا بده‌ن.
حوسێن قائیدی ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، له سه‌ره‌تای مانگی ئاداری ئه‌م ساڵدا، كچێكی ئێزدی له كه‌مپی هۆل رزگار كرا و گه‌ڕێندرایه‌وه شنگال و پێنجشه‌ممه 7ـی ئادار له‌لایه‌ن خانه‌واده‌كه‌ی و خه‌ڵكی شنگاله‌وه پێشوازی لێ كرا.
به‌ڕێوه‌به‌ری نووسینگه‌ی ڕزگاركردنی ئێزدییه رفێندراوه‌كان گوتیشی، ئه‌وان وه‌كو نووسینگه‌كه‌یان كاری رژدیان كردووه بۆ دۆزینه‌وه و به‌دواداچوونی كچان و ژنانی ئێزدی كه له ساڵی 2014 له‌لایه‌ن چه‌كدارانی داعشه‌وه رفێندراون.
ناوبراو باسی له‌وه‌ش كرد، زۆربه‌ی كچان و ژنه ئێزدییه ڕفێندراوه‌كان له سووریا‌ن و زۆربه‌یان له‌ناو كه‌مپی هۆل ده‌ژین. گوتیشی، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته دۆسیه‌ی به‌دواداچوونیان كردووه‌ته‌وه.
سه‌رنجی بۆ ئه‌وه‌ش ڕ‌اكێشا، چه‌ندین جار هه‌وڵیان داوه بچنه نێو كه‌مپی هۆل، به‌ڵام ده‌سه‌ڵاتدارانی ڕۆژئاوای كوردستان و كه‌مپه‌كه، ڕێگه‌یان پێ نه‌داون.
ڕۆژی شه‌ممه 2ـی ئاداری 2024، کوڤان عیدو، كچه ئێزدییه‌كی ڕفێندراوی چه‌كدارانی داعش كه له 3ـی ئابی 2014 له‌لایه‌ن چه‌كدارانی ئه‌و رێكخراوه‌وه رفێندرابوو، له كامپی هۆل له سووریا ده‌رباز كرا.
ئه‌و كچه ته‌مه‌ن 26ـی ساڵییه كاتێك له‌لایه‌ن چه‌كدارانی داعش له شنگال ڕفێندرا، ته‌مه‌نی ته‌نیا 16 ساڵ بوو و یه‌كێكه له هه‌زاران قوربانی دیكه‌ی ده‌ستی چه‌كدارانی داعش.
ڕۆژی 16ـی شوباتی 2024، ئەسما محەممەد، هاوژینی ئەبوبەکر بەغدادى، ئەمیرى پێشووى ڕێکخراوى داعش، له دیمانه‌یه‌كی ته‌له‌فزیۆنیدا ئاماژەی بەوه كرد، ئەبوبەکر بەغدادی زیاتر لە 10 کەنیزەکى ئێزدى هەبوو و لە دواى ڕاگەیاندنى خەلافەتى داعش، هاوسه‌رێكی 14 ساڵانى عێراقى و هاوسه‌رێكی دیکەى چیچانىشی هێناوە. گوتیشی: "ڕێكخراوی داعش دەوڵەتى ئیسلامیان بۆ دەوڵەتى ژنان گۆڕی".
ڕێكخراوی داعش له حوزه‌یرانی 2014ـدا شاری مووسڵی كۆنتڕۆڵ كرد و له ئابی هه‌مان ساڵدا هێرشی كرده سه‌ر شنگال و هه‌ڵمه‌تێكی نامرۆییانه‌ی دژ به ئێزدییه‌كان و خه‌ڵكی شاره‌كه كرد.