بە تەواوبوونی كۆڕنیشی گەشتیاری؛ شیلادزێ دەبێتە ناوچەیەکی دڵڕفێنی دهۆک

K24 - شیلادزێ:

لە شیلادزێ قۆناغی دووەمی كۆڕنیشی گەشتیاری دەستیپێكردووە و پرۆژەكە بە درێژایی كیلۆمەترێك بە گوژمەی سێ ملیار 272 ملیۆن دینار جێبەجێ دەكرێت.

لە ناحیەی شیلادزێی سەر بە قەزای ئامێدی دەست بە کارکردن لە قۆناغی دووەمی پرۆژەی گەشتیاری کۆرنیش کراوە، پرۆژەکە بە درێژایی یەک کیلۆمەتر لەسەر ڕووباری ڕووی شین لە کۆمەڵگەی سیرێ بە گوژمەی سێ ملیار و 272 ملیۆن دینار لەلایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە جێبەجێ دەکرێت.

محەمەد دەروێش، ئەندازیاری پرۆژەکە باسی ئەوە دەکات پرۆژەکە بە چوار قۆناغ و لە ماوەی 610 ڕۆژدا تەواو دەبێت، بە تەواوبوونیشی یەکێک لە گرنگترین ناوچە گەشتیارییەکان لە بادینان بە ڕووی گەشتیاران دەکرێتەوە، بە گوتەی دانیشتووانی ناوچەکەش دەبێتە دڵرفێنترین ناوچەی گەشتیاری.

پرۆژەی کۆرنیشی شیلادزێ دەبێتە یەکێک لە پرۆژە گەشتیارییەکانی حکوومەتی هەرێم لە دەڤەری بادینان، گەرچی ئێستاش بە هۆی کەشوهەوا و ئاوی ڕووبارەکە هاووڵاتییان و گەشتیاران بۆ گەشتوگوزار سەردانی دەکەن، بەڵام بە گوتەی نۆژدار فرسەت، دانیشتووی ناوچەکە، کۆمەڵگەی سیرێ بە تەواوبوونی پرۆژەکە ئاوەدانتر دەبێت و لە سەر ڕووبارێکی سرووشتی کۆرنیشێکی مۆدێرن دەبینن.