زەنگی ئاگادارکردنەوەی ئاسمانیی لە هەموو ناوچەکانی ئۆکرانیا ڕاگەیەندرا

بەگوێرەی داتاکانی نەخشەسازیی ئەلیکترۆنی وەزارەتی گۆڕینی دیجیتاڵی ئۆکرانیا، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، زەنگی ئاگادارکردنەوەی ئاسمانی لە سەرانسەری ئۆکرانیا ڕاگەیەندرا.
کاتژمێر 07:19 لە کیێڤی پایتەخت و پارێزگای ڤینیتسا (باشووری ڕۆژئاوای کیێڤ) زەنگی ئاگادارکردنەوە لێ درا، دواتر هۆشدارییەکە بۆ ناوچەکانی دیکەی وڵاتەکە بڵاو بووەوە.
ئیدارەی سەربازی لە پارێزگای سومی (باکوور) ڕایگەیاندووە، دامەزراوە ژێرخانەکانی ناوچەکە بە مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆمباران کراوە.
سومی، دەکەوێتە سەر سنووری پارێزگاکانی کورسک، بێلگۆرۆد و برایانسکی ڕووسیا و پایتەختی پارێزگاکە نزیکەی 30 کم لە سنووری ڕووسیا دوورە.
سوپای ڕووسیا پێشتر ڕایگەیاندبوو، لە چوارچێوەی ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو هێرشەی کە هەفتەی ڕابردوو هێزەکانی ئۆکرانیا بۆ سەر کورسک دەستی پێ کردبوو، لە سومی، لە کەرەستە و یەدەگەکانی سوپای ئۆکرانیایان داوە.
یەکە سەربازییەکانی ئۆکرانیا، ڕۆژی سێشەممە توانیان سنوور ببەزێنن و بچنە نێو ناوچەی کۆرسک و چەند کیلۆمەترێک بچنە پێشەوە.
بۆ بەرپەچدانەوەی ئەو هێرشەی ئۆکرانیا کە پشێوی ناوەتەوە، ڕۆژی هەینی رووسیا دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی نەهێشتنی تیرۆری لە ناوچەکانی بیلگۆرۆد، بریانسک و کۆرسکی نزیک لە ئۆکرانیا ڕاگەیاند.
وەزارەتی بەرگریی ڕووسیا ڕایگەیاند: هێزە چەکدارەکانی ڕووسیا بەرپەچی سنووربەزاندنی ئۆکرانیا دەدەنەوە، دەشڵێت: فڕۆکە و تۆپ بۆ لێدانی سوپای ئۆکرانیا بەکار دێنن.