مەحما خەلیل: 600 كچ و ئافرەتی ئێزدی لە كەمپی هۆل هەن
K24 – هەولێر:
پەرلەمانتارێکی عێراق ڕاگەیاند، نزیکەی 600 کچ و ئافرەتی ئێزیدی لەناو کەمپی هۆلی ڕۆژئاوای کوردستاندا هەن، بەڵام حکوومەتی عێراق خەمساردە لە گەڕاندنەوەیان.
مەحما خەلیل، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە کوردستان24ـی گوت: داوایانکردووە لێژنەیەک پێکبهێندرێت و سەردانی سووریا بکەن تا گوشار لە هێزەکانی سووریای دیموکرات بکرێت کچ و ئافرەتانی ئێزیدی لە کەمپی هۆل ئازاد بکەن.
ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوە کرد: نزیکەی 600 کچ و ئافرەتی ئێزیدی لەناو کەمپی هۆلی رۆژئاوای کوردستان هەن، بەڵام حکوومەتی عێراق خەمساردە لە گەڕاندەوەیان.
کەمپی هۆل، دەکەوێتە باشووری شارۆچکەی هۆل لە پارێزگای حەسەکەی ڕۆژئاوای کوردستان، کەمپەکە کەوتووەتە ژێر دەسەڵاتی ئیدارەی خۆسەر، هێزەکانی سووریای دیمەکرات (هەسەدە) پاسەوان و بەڕێوەبەری کاروباریی تەناهیی کەمپەکەن.
جگە لە کەمپی هۆل، هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) زیندانی غوێران لە پارێزگای حەسەکە بەڕێوەدەبن کە نزیکەی سێ هەزار چەکداری داعشی تێدایە. لە شوباتی ساڵی 2022، چەکدارانی داعش هەوڵیان دا زیندانەکە بشکێنن و گیراوانی ئازاد بکەن. لە ئەنجامی ڕووبەڕووبوونەوەکەدا کە نزیکەی 10 ڕۆژی خایاند، نزیکەی 500 چەکداری داعش کوژران کە بەشێکیان گیراوانی نێو زیندانەکە بوون.
ڕاگیراوانی کەمپەکە و زیندانانی غوەیران هاووڵاتیی 20 وڵاتی جیاوازن، کە لە نێویاندا ئەورووپایی، چینی و تورک هەن. بەشێک لە وڵاتان ڕەتییان کردووەتەوە کە ئەو هاووڵاتییانەوە وەربگرنەوە کە پێشتر چوونەتە ڕیزەکانی داعش بە پاساوی ئەوەی کە بیری توندڕەوەی هێشتا بەسەریاندا زاڵە.