کەرکووک.. هۆشداری لە نەمانی متمانە لەنێوان پێکهاتەکان دەدرێت
K24 – هەولێر:
ڕووداوەکانی سێ ڕۆژی رابردووی کەرکووک ئاماژەن بۆ نەمانی متمانە لەنێوان پێکهاتە سەرەکییەکان، ئیدارەدانی کەرکووکیش لە هەموو شت زیاتر پێویستی بە ڕەچاوکردنی بەرامبەر و پێکەوەکارکردن هەیە. چاودێران باس لەوە دەکەن: یەکێتی بە هاوکاریی رەیان کلدانی تاکلایەنە بڕیاری لەسەر کەرکووک داوە.
کەرکووک، شارێکی پڕ لەهەستیاری و هەڵوێستی جیاواز، خراپ مامەڵەکردنی هەندێک کەس و ئستیفزازکردنی بەرامبەر ڕەنگە دەرئەنجامی خراپی لێ بکەوێتەوە. ئەوەی لە سێ رۆژی ڕابردوودا لە کەرکووک ڕوویداوە پێشهاتێکی مەترسیدارە، ڕەنگە دەرئەنجامی دوورمەودای لەسەر بنەماکانی پێکەوەژیانی شارەکە هەبێت. چونکە ئیدارەدانی پارێزگایەکی پڕ لە پێکهاتەی نەتەوەیی و ئاینی جیاواز لەسەر بنەمای سیاسەتێکی حەکیمانە و دروستکردنی متمامەن لەناو هەرسێ پێکهاتەی کورد و عەرەب و تورکمان دەکرێت.
بافڵ تاڵەبانی بەهاوکاری ڕەیان کلدانی تاکلایەنانە بڕیاری لەسەر دانانی پارێزگار و سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگا داوە، بەبێ حسابکردن و گەڕانەوە بۆ تورکمان و بەشێکی سەرەکی عەرەبی شارەکە. دواتریش بافڵ تاڵەبانی بە بڵاوکردنەوەی وێنە بە چاویلکەی ڕەش و جۆرێک لە ئیسفزازی لایەنەکانی دیکە دەیەوێت بە هەوادارانی بڵیت کە توانیویەتی پۆستی پارێزگار بۆ یەکێتی یەکلایی بکاتەوە، لەکاتێکدا یەکلایکردنەوەی ئەو پۆستە لەسەر حسابی لەدەستدانی 37 پۆستی دیکەی گرنگی کەرکووک بووە بۆ عەرەب و تورکمان.
وەک دەگوترێت بافڵ تاڵەبانی بۆ بەدەستهینانی نیو پارێزگار وەک ئاماژەیەک بۆ ئەوەی پارێزگار تەنها دوو ساڵ لای یەکێتی دەبێت، کوردی لە ناوەندی بڕیاری کەرکووک بێبەش کردووە و لەسەر سینیەکی زێڕ هەرچی پۆست و دەسەڵاتی گرنگی کەرکووک هەیە داویەتی بە پێکهاتەکانی دەرەوەی کورد. هەرچەندە دەسەڵاتەکانی پارێزگار سنووردارن و خۆیان لە جێبەجێکردنی بڕیارەکانی حکوومەت و ئەنجوومەنی پارێزگا دەبیننەوە، ئەوە لەگەڵ ئامادەکردنی بودجە و دەسەڵاتی گواستنەوەی فەرمانبەر لەدەرەوەی پارێزگاوە بۆ ناو پارێزگا دەبیننەوە.
جوڵەی ئیستیفزازی یەکێتی بۆ بەدەستهێنانی پارێزگار لەکاتێکدایە؛ هێشتا گەرەنتی نییە ئەو حکوومەتە خۆجێیە لەرزۆکەی کەرکووک کە لە هۆتێل ڕەشیدی بەغداوە دروست بوو، چونکە زەنگی ناڕەزایەتی لە پێکهاتەکانی کەرکووکەوە بەرزبوونەتەوە و سکاڵایان لە دادگای فیدراڵی و دادگای کارگێڕی دژی حکوومەتی نوێی کەرکووک تۆمارکردووە.