لە 24 کاتژمێری ڕابردوودا 35 زیارەتکاری ئێرانی بوونەتە قوربانی ڕووداوی هاتوچۆ

ڕووداوی هاتوچۆی پاسێکی زیارەتکارانی ئێرانی لە دەروازەی کەربەلا
ڕووداوی هاتوچۆی پاسێکی زیارەتکارانی ئێرانی لە دەروازەی کەربەلا

بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە 14ی ئابی 2024، لە دەروازەی شاری کەربەلا پاسێکی زیارەتکارانی ئێرانی تووشی ڕووداوی هاتوچۆ بووەوە و بەهۆیەوە دوو لە زیارەتکارەکان مرد و نۆ زیارەتکاری دیکەش برینداربوون.

بە گوێرەی زانیارییەکای پۆلیسی هاتوچۆی عێراق، زیارەتکارەکان بە پاسێکی جۆری کۆستەر لە نەجەفەوە بۆ کەربەلا ڕۆیشتوون و لە دەروازەی شارکە تووشی ڕووداوەکە بوون و لە نۆ بریندارەکە چەند کەسێکیان تەندروستیان ناجێگیرە.

لە ماوەی 24 کاتژمێری ڕابردوودا ئەمە دووەمین ڕووداوی هاتوچۆیە زیارەتکارانی ئێرانی تێدا دەبنە قوربانی. ڕووداوی یەکەم ئێوارەی سێشەممە لە ڕێگەی نێوان نەجەف – کەربەلا بووە، کە پاسێکی پڕ لە زیارەتکارانی ئێران لە جۆری کۆستەر و بارهەڵگرێک پێکیانداداوە و بەهۆیەوە دوو لە زیارەتکارەکان مردوون و 22 زیارەتکاری دیکەش برینداربوون.

ساڵانە لە سەرەتای مانگی موحەرەم، زیارەتکارانی ئێران و چەند وڵاتێکی دیکە بۆ یادی شەهیدکردنی ئیمام حسێن سەردانی شوێنە پیرۆزەکانی شیعە دەکەن لە عێراق، بە تایبەت لە هەردوو شاری نەجەف و کەربەلا.