شرۆڤەکارێک: عێراق وەک وڵاتانی دیکە پلانی نییە بۆ ڕەخساندنی هەلی کار

شرۆڤەکارێکی سیاسی لە زیقار ڕایگەیاند، عێراق وڵاتێکە پلانی نییە وەکو وڵاتانی دیکە، نەبوونی هەلی کار گەنجانی ولاتی بێ هیوا کردووە دامەزراوەکانی عێراق بووە بە خزم خزمێنە.
چوارشەممە، 14ـی ئابی 2024، د. خەسان حوسەیینی، شرۆڤەکاری سیاسی لە زیقار، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، عێراق وڵاتییەکە لەسەر فرۆشتنی نەوت ژیان دەکات و مووچە دابین دەکات بۆ کارمەندەکانی، هیچ کۆمپانیایەک و شوێنێکی دیکە نییە کە تۆ کاری تێدا بکەی، لە حکوومەتی فیدراڵ و پارێزگاکان بە تایبەتی، بۆیە زۆربەی خەڵکی عێراق لە سێکتەری گشتیی کار دەکەن و ناچنە کەرتی تایبەتەوە.
ئەو شرۆڤە کارە دەڵێ، "عێراق وڵاتێکە پلانی نییە وەکو وڵاتانی دیکە، ئێمە دەبینین و دەبیستین کە وڵاتانی دیکە پلانیان هەیە کە کۆمپانیاکان وەگەڕ دەخەن تاکو کاری پیشەسازی بکەن، دەتوانین بڵەین هەتا مووچەی خانەنیشینیش بۆ ئەو کەسانە دابین دەکەن کە لە کەرتی تایبەت کار دەکەن. بەڵام ئەمە لە کەرتی تایبەتی عێراقدا نییە. بۆیە زۆربەی خەڵکی وا هەست دەکەن ئەگەر لە کەرتی گشتیی کار بکەن، کاریان دەبێت و دەمێننەوە و لە داهاتووشدا مووچەی خانەنیشینیان دەبێت".
دەشڵێت: "عێراق ناتوانێت ئەو خەڵکە زۆرەی لە زانکۆ و پەیمانگاکان دەردەچێت، دابمەزرێنێت. ئەوەش بۆچوونێکی ڕاست نییە و وڵاتیش هەڵنەستاوە بە ئەنجامدانی ئەرکی خۆی کە گەنجان بخاتە هەندێک سێکتەری دیکە تاکو کار بکەن، بە نموونەش زیقار".
د. خەسان حوسەیینی ڕاشیگەیاند، "سێ هۆکار وایکردووە نەتوانرێت وابکرێت کار هەبێت بۆ گەنجانی وڵات، گەندەڵی، نەبوونی ئاسایش و لایەنگری دامەزراوەکانی دەوڵەت لە شوێنک بۆ شوێنێکی دیکە. دەبینین لە هەندێک لە دام،ەزراوەکان کارمەندییان دەوێت لایەنگری و خزم خزمێنە، هۆکارێکی سەرەکییە خەڵکی دەستی ناگات بە کارەکان، گەنجان هیواو ئومیدیان لەدەستداوە، کە کارێکیان دەست کەوێت و لە دامەزراوەیەک کاربکەن".