بەرەی تورکمانی لە دادگای فیدراڵی سکاڵای لە دژی پێکهێنانی حکوومەتی خۆجێیی کەرکووک تۆمار کرد
چوارشەممە، 14-08-2024، حەسەن تۆران، سەرۆکی بەرەی تورکمانیی یەکگرتوو لە عێراق، لە دادگای باڵای فیدراڵیی، سکاڵای لە دژی هەڵبژاردنی پارێزگار و پێکهێنانی حکوومەتی خۆجێی کەرکووک تۆمار کرد.
بە گوێرەی ڕاگەیەندراوێکی بەرەی تورکمانی، دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق، سکاڵاکەی قبووڵ کردووە و بەم زووانە هەڵوێستی خۆی لەوبارەوە ڕادەگەیەنێت.
شەوی شەممە، 10-08-2024، بێ بەشداریی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەرەی تورکمانی و ژمارەیەک ئەندامی عەرەبی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە بەغدا، پارێزگار و سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک هەڵبژێردران. ڕێبوار تەها بە پارێزگار و محەممەد حافزیش بە سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک هەڵبژێردران.
پێش ئەوەی کۆبوونەوەکە بکرێت، فراکسیۆنەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەرەی تورکمانی و هاوپەیمانیی عەرەبی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە سێ ڕاگەیەندراوی جیاوازدا ڕەتیان کردەوە بەشداریی کۆبوونەوەکە بکەن و بە "نایاسایی" ناویان برد.
کۆی گشتیی ژمارەی کورسییەکانی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک 16 کورسین و ژمارەی کورسیی لایەنەکانیش لە دوایین هەڵبژاردن، بەم شێوەیە بوو:
1. کورد: حەوت کورسی (یەکێتی پێنج و پارتیش دوو)
2. عەرەب: شەش کورسی
3. تورکمان: دوو کورسی
4. یەک کورسیش بۆ کۆتای کریستییان
یەکشەممە، 11-08-2024، حەسەن تۆران، سەرۆکی بەرەی تورکمانی لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند "ئەوەی لە هۆتێل ڕەشید لە بەغدا کراوە پێشێلکردنی یاساکانە. تێبینی یەکەممان لە سەر پێکهێنانی ئیدارەی خۆجێیی کەرکووکە لە دەرەوەی پێکهاتەی هاوپەیمانیی پارێزگای کەرکووکە کە سەرۆکوەزیران سوودانی پێکی هێناوە. ئێمەش هەر لە سەرەتاوە پشتیوان بووین لە سەرخستنی پرۆژەی حکوومەتەکەی سەرۆکوەزیران، بەڵام ئەو ئیدارەیەی پێک هێنراوە، ئێمە بە پێشێلکردنێکی سیاسیی دەزانین".
حەسەن تۆران ڕاشیگەیاند "کۆبوونەوەکە پێچەوانەی بڕگەی 13 لە ماددەی چوارەم لە یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانە کە تێیدا هاتووە 'دابەشکردنی دەسەڵاتەکان دەبێت نوێنەرایەتییەکی دادپەروەرانە بێت بۆ مسۆگەرکردنی بەشداریی پێکهاتەکانی پارێزگا بە لەبەرچاوگرتنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن'".
سەرۆکی بەرەی تورکمانی ئاماژەی بەوەش دا "لەگەڵ ئەوەی دانیشتنەکەی هۆتێل ڕەشید بەبێ ڕێککەوتنی پێکهاتەکان لە بەغدا و بەبێ ئامادەبوونی پێکهاتەی تورکمان بەڕێوە چووە، ئەمەش پێشێلکردنی دەقی ئەو کۆنووسەیە لە دانیشتنی یەکەمی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە 11/7/ 2024 ڕێککەوتنی لەسەر کرا بۆ ئەوەی هەموو لایەنەکان پاند بن و پێش دانیشتنی دووەمی ئەنجوومەن ڕێکبکەون".