لە هەولێر ڕۆژانە 2200 تۆن زبڵ و خاشاک کۆ دەکرێتەوە
K24 - هەولێر:
ڕۆژانە لە شاری هەولێر، زیاتر لە دوو هەزار و 200 تۆن زبڵ و خاشاک کۆدەکرێتەوە و بە شێوەیەکی زانستی ژێر خاک دەکرێن.
14ـی ئابی 2024، ژیار جەلال، بەڕێوەبەری خزمەتگوزاری و ژینگەپارێزی لە سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر، تایبەت بە کوردستان24 ڕایگەیاند: ڕۆژانە بە 600 ئامێر و ئۆتۆمبێلی تایبەت بە بواری پاککردنەوە و زبڵ و خاشاک بە دەست و بازووی هەزار و 300 ژینگەپارێز لە شەش زۆنی جیاوازەوە و لە ڕێگەی شەش کۆمپانیای بواری خزمەتگوزاری و پاککردنەوە، پرۆسەی پاککردنەوەی زبڵ و خاشاک دەکرێت.
بەڕێوەبەری خزمەتگوزاری و ژینگەپارێزی لە سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر ئاماژەی بەوە کرد: لەسەر ئاستی هەموو گەڕەک و شوێنە گشتییەکان بە خشتەی تایبەتیی کارەکان دەکرێن؛ بە شێوازێک گەڕەکەکان سێ ڕۆژ لە هەفتەیەکدا، پرۆسەی کۆکردنەوەی زبڵ و خاشاک بەڕێوە دەچێت و لە بەرانبەریشدا شەقام و شوێنە گشتییەکان ڕۆژانە لە زبڵ و پاشماوەکان پاک دەکرێنەوە.
هەروەها ژیار جەلال باسی لەوەش کرد: ڕێژەی زبڵ و خاشاکی کۆکراوە لەسەر ئاستی شاری هەولێر بە زیاتر لە دوو هەزار و 200 تۆن زبڵ و خاشاک دەخەمڵێندرێت کە لە لایەن تیمی تایبەتییەوە ژێرخاک دەکرێن.