دژوار فایەق: سه‌رۆك بارزانی جه‌خت له‌سه‌ر كوردستانیبوونی كه‌ركووك ده‌كاته‌وه
نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە لیژنه‌ی ماددەی 140ـی ده‌ستوور ئاماژه به‌وه ده‌كات، كه‌ركووك و كوردستان له دیدی سه‌رۆك بارزانی له سه‌رووی هه‌موو كه‌س و شتێكه‌وه‌ن و له‌وه‌ته‌ی ڕێككه‌وتننامه‌ی 11ـی ئاداری 1970 له‌سه‌ر ئه‌م پره‌نسیپه گۆش و په‌روه‌رده كراوه.
چوارشه‌ممه، 14ـی ئابی 2024، دژوار فایەق، نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە لیژنه‌ی ماددەی 140ـی ده‌ستووری عێراق لە میانی گەشتێکی ژووری هەواڵی کوردستان24 گوتی، سه‌رۆك بارزانی له گه‌نجیه‌تییه‌وه كه چووه‌ته ناو شۆڕش و بووه‌ته پێشمه‌رگه، به‌تایبه‌ت له‌وه‌ته‌ی ڕێككه‌وتننامه‌ی 11ـی ئاداری 1970ـوه، به‌ریگریكارێكی سه‌رسه‌ختی كه‌ركووكه.
دژوار فایەق سه‌رنجی بۆ ئه‌وه ڕ‌اكێشا "سه‌رۆك بارزانی كوردانه و كوردستانییانه بیر ده‌كاته‌وه، بۆیه وەک سیمبۆڵ و مه‌رجه‌ع پێداگریی له‌م پره‌نسیپه ده‌كاته‌وه و به‌رگریی لێ ده‌كات.
ناوبراو هێمای بۆ ئه‌وه‌ش كرد "سه‌رۆك بارزانی جه‌خت له‌سه‌ر كوردستانیبوونی كه‌ركووك ده‌كاته‌وه كه ئه‌م جه‌ختكردنه‌وه‌یه درێژه‌پێده‌ری پره‌نیسپ و خه‌باتی بزووتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازی نه‌ته‌وه‌ییه له ڕابردوودا".
نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە لیژنه‌ی ماددەی 140 گوتی: سه‌رۆك بارزانی خاوه‌نی بیرۆكه‌ی "كه‌ركووك شاری برایه‌تی و پێكه‌وه‌ژیانه" و به‌رده‌وامیش به‌رگری لێ كردووه و له كاتی نووسینه‌وه‌ی ده‌ستووریشدا پێداگریی له‌سه‌ر كرد.
دژوار فایەق باسی له‌وه‌ش كرد "به لای سه‌رۆك بارزانییه‌وه گرنگ نییه كێ چه‌ند كورسی به ده‌ست هێناوه، به‌ڵكوو كوردبوون و كوردستانیبوون لای ئه‌و بنه‌مایه‌كی دووپات له‌سه‌ركراوه‌یه و به لای ئه‌وه‌وه كوردستان له سه‌روی هه‌موو كه‌س و شتێكه‌وه‌یه".
موهەیمن حەمەدانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤزیۆنیدا لەگەڵ کەناڵی "الاولی"ـی عێراقی، باسی لە سەردانێکی شاندێكی هاوبەشی هەردوو فراکسیۆنی عەرەبی و توركمانیی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك و ژمارەیەك پەرلەمانتار و سەركردەی سیاسی بە سەرۆكایەتیی خەمیس خەنجەر، سەرۆکی هاوپەیمانیی سیادە بۆ لای سەرۆک بارزانی، كرد.
وەکو ئەوەی حەمەدانی باسی کرد، تەوەری سەرەکی ئەو کۆبوونەوەیەی ڕۆژی 04ـی ئابی 2024، لە بارەگای بارزانی کرا؛ هەڵبژاردنی پارێزگار و پێکهێنانی حکوومەتی خۆجێیی کەرکووک بووە.
بە گوتەی ئەو ئەندامەی پەرلەمانی عێراق، سەرۆک بارزانی زۆر ڕاشکاوانە لەبارەی هەڵبژاردنی پارێزگار و پێکهێنانی حکوومەتی خۆجێیی کەرکووک قسەی کردووە، وەکو خۆی گوتی، "لە بەشێک لە ئەندامانی عەرەب ڕاشکاوانەتر" باسی بابەتەکەی کردووە.
حەمەدانی باسی لەوەش کرد، سەرۆک بارزانی جەختی لەوە کردووەتەوە "دەبێت کەرکووک سیمبولی پێکەوەژیانی ئاشتیی نێوان ئایین و نەتەوەکان بێت؛ هەندێک هەڵەی کورد و عەرەب هەن، دەبێت چاک بکرێنەوە و دەبێت یەک هاوپەیمانی پێک بهێنرێت".
ئەو ئەندامەی پەرلەمانی عێراق گوتیشی: لە کۆبوونەوەکەدا خەمیس خەنجەر، حەسەن تۆرهان، ئەرشەد ساڵحی، خۆی و ڕاکان جبووری قسەیان کردووە؛ کاتێک نۆرەی ئەو هاتووە قسە بکات، بە سەرۆک بارزانی گوتووە "تۆ بەوە ناوسراوی کەسێکی دانا و حەکیمی لە چارەکردنی زۆرێک لە پرسە نیشتمانییەکان، بە تایبەت کەرکووک. بە من گوتراوە، پارێزگاری (کەرکووک) عەرەب دەبێت و ڕێککەوتن کراوە".
حەمەدانی ڕاشیگەیاند، دوای ئەوەی قسەکانی تەواو کردووە، ڕاکان جبووری باسی لە ژمارەی کورسییەکانی پێکهاتەکانی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک کردووە و بە سەرۆک بارزانی گوتووە: "جەنابی سەرۆک، شەش بەرامبەر دوو، ڕێک ناکەوێت، ئێمە شەش کورسین، خولی یەکەمی پارێزگاری کەرکووکمان دەوێت".
وەکو ئەوەی حەمەدانی باسی کرد، سەرۆک بارزانی زۆر بە ڕاشکاوانە بەم شێوەیە وەڵامی داونەتەوە: ئێمە دوو کورسی نین، بەڵکوو حەفت کورسین. ئێمە ئەمڕۆ وەکو نوێنەری کورد لەگەڵ ئێوە قسە دەکەین و و هەرگیز قبووڵی ناکەین لە خولی یەکەم پارێزگاری کەرکووک عەرەب بێت. لەم قۆناغەدا ئێمە سازش لە هیچ مافێکی کورد ناکەین.
کۆی گشتیی ژمارەی کورسییەکانی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک 16 کورسین و ژمارەی کورسیی لایەنەکانیش لە دوایین هەڵبژاردن، بەم شێوەیە بوو:
1. کورد: حەوت کورسی (یەکێتی پێنج و پارتیش دوو)
2. عەرەب: شەش کورسی
3. تورکمان: دوو کورسی
4. یەک کورسیش بۆ کۆتای
شەوی، 10-08-2024، بێ بەشداریی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەرەی تورکمانی و ژمارەیەک ئەندامی عەرەبی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە بەغدا، پارێزگار و سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک هەڵبژێردران. ڕێبوار تەها بە پارێزگار و محەممەد حافزیش بە سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک هەڵبژێردران.