کێشمەکێشی سوننەکان بۆ پڕکردنەوەی پۆستی سەرۆکی پەرلەمان دەچێتە قۆناغێکی دیکە

هۆڵی کۆبوونەوەکانی پەرلەمانی عێراق
هۆڵی کۆبوونەوەکانی پەرلەمانی عێراق

هاوپەیمانێتیەکی نوێی لایەنە سوننەکان بە سەرۆکایەتیی محەممەد حەلبووسی کە 55 پەرلەمانتاری لەخۆ گرتووە، داوای هەموارکردنەوەی بڕگەی 12ی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان دەکەن بۆ ئەوەی سەر له نوێ دەرگای خۆپاڵاوتن بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان بکرێتەوە و بڕیاریشە زیاد جەنابی، بۆ ئەو پۆستە کاندید بکەن. بە گوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، نووری مالکی سەرۆکی دەوڵەتی یاسا بەڵێنی پێداون پشتیوانیان بکات.

ئەسیر شەرع سیاسەتمەداری عێراقی دەڵێت: هاوپەیمانی سیاده و عەزم و حەسم داواکارییەکەی حەلبووسی بۆ هەمواری بڕگە 12 ڕەت دەکەنەوە، بۆ ئەم مەبەستەش لەگەڵ بەشێک لە سەرکردەکانی شیعە ڕێککەوتون، هەرچەندە نووری مالکی بەڵێنی پێداون، بەڵام ئەگەر هەیە شکست بە پلانەکە بهێنرێت و ئەمەش نەبێتە هەنگاوێک بۆ تێپەڕاندنی دۆخە چەقبەستووەکەی پرسی سەرۆکی پەرلەمان.

هەریەک لە هاوپەیمانی عەزم و سیادە دژی ئەو هاوپەمانییەتیەی حەلبووسی و لایەنەکانی دیکەی سوننەن و ڕایانگەیاندووە ڕێگە نادەن جارێکی دیکە دەرگای خۆپاڵاتن بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان بکرێتەوە.

هەردوو هاوپەیمانییە سوننەکان نایانەوێت بگەڕێنەوە دواوە و جارێکی دیکە دەرگای خۆ کاندیدکردن بۆ پڕکردنەوەی پۆستەکە بکەنەوە، بەڵکو ئەوان دەیانەوێت هەرچی زووە کۆبوونەوەی پەرلەمان بۆ یەکلایی کردنەوەی کێبڕکێی نێوان دوو کاندیدەکەی پێشوو، هەر یەک لە مەحموود مەشهەدانی و سالم عیساوی بێت.

هەرچی چوارچێوەی هەماهەنگیە، هاوپەیمانێتی شیعەکانی لەخۆ گرتووە، لە دوایین کۆبوونەوەیان پشتیوانیی خۆیان بۆ یەکلاکردنەوەی کێبڕکێی ئەو دوو کاندیدە دەربڕیوە، چاودێرێکی سیاسی بڕوای وایە لایەنە شیعەکان یارییەکی سیاسی بەڕێکردنی کات لەگەڵ سوننە دەکەن، تەنیا بۆ ئەوەی موحسن مەندەلاوی تا تەواوبوونی ئەم خولەی پەرلەمان لە پۆستەکەدا بمێنێتەوە.

عەلی ناسر، چاودێری سیاسی دەڵێت: پێم وایە ناوی نوێ بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان پێشنیاز کراوە، ئەمەش پێویستی بە هەمواری پەیڕەوی ناوخۆیە، چوارچێوەی هەماهەنگیش بە فەرمی ئەو هەموارکردنەوەیە ڕەت دەکاتەوە، لە بەر دوو هۆ، یان دەبێت عیساوی هەڵبژێرن یان موحسن مەندەلاوی بمێنێتەوە.

هەر لە بارەی هەڵوێستی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، عارف حەمامی، یەکێکە لە پەرلەمانتارانی ئاشکرای کردووە، هەنگاوی بەشێک لە سوننەکان بۆ چارەکردنی پرسی هەڵبژاردنی سەرۆکێکی نوێ بۆ پەرلەمان، وای لە چوارچێوەی هەماهەنگی کردووە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا کۆبوونەوەیەک لەسەر ئاستی سەرکردایەتی لایەنەکان ڕێک بخات بۆ یەکلاکردنەوەی ئەم پرسە.

دوای دوورخستنەوەی محەممەد حەلبووسی لە سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە تشرینی دووەمی 2023 بە بڕیاری دادگای فیدراڵ نزیکەی 10 مانگە سەرۆکی پەرلەمان کە بە گوێرەی ڕێککەوتنە سیاسییەکان پشکی سوننەیە، لەلایەن جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمان بەڕێوە دەبردرێت کە لە شیعەکانە.