تەندروستیی جیهانی بەهۆی بڵاوبوونەوەی ئاوڵەی مەیموون باری ناکاویی ڕاگەیاند
تێدرۆس ئەدهانۆم گیبریسوس، بەڕێوبەری گشتیی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی ڕایگەیاند، بەهۆی بەرزبوونەوەی ژمارەی تووشبووان بە نەخۆشی ڤایرۆسی ئاوڵەی مەیموون لە کۆماری دیموکراتیی کۆنگۆ و وڵاتانی دیکەی ئەفریقا، ناچاربوون باری ناکاویی گشیی ڕابگەیەنن لە پێناو ڕێگریی لە زیاتر بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە.
ئەدهانۆم ڕایگەیاندووە "ڕێکخراوەکەی لەسەر بنەمای ئامارەکانی تووشبوون و بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە لە وڵاتانی ئەفریقا، گەڕاونەتەوە بۆ ڕێنماییە تەندروستییەکانی ساڵی 2005 و باری نا ئاسایی و ناکاویی تەندروستیی سەرتاسەرییان ڕاگەیاندووە".
هەروەها لێژنەکانی هەڵسەنگاندنی دۆخی کۆنگۆ و ئەو وڵاتانەی ئەفریقا کە ئاوڵەیان تێدا بڵاو بووەتەوە، نیگەرانی خۆیان دەربڕیوە لە تەشەنەسەندنی پەتاکە لە وڵاتانی ئەفریقا و دەرەوەی کیشوەرەکەش.
تێدرۆس ئەدهانۆم، ڕایگەیاندووە "خێرا بڵاوبوونەوەی جۆرێکی نوێی ڤایرۆسی ئاوڵەی مەیموون کە بە (mpox) لە ڕۆژهەڵاتی کۆنگۆ و لە چەندین وڵاتی دراوسێ، جێگەی نیگەرانییە. هاوکات لەگەڵ گەیاندنی دەرمانی پێویست بۆ چارەی تووشبووان، بەڵام ئاشکرا و ڕوونە کە بۆ ڕزگارکردنی ژیانی خەڵکانێکی زۆر و پێشگرتن لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە، هەماهەنگیی کۆمەڵگەی نێوەدوڵەتی پێویستە، تاوەکوو کار لە کار نەترازاوە و دۆخەکە لە دەست دەرنەچووە".
بەڕێوبەری گشتیی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی سەر بە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕاشیگەیاندووە "بەم نزیکانە ڕێکار و ڕێنماییە تەندروستییەکان بۆ خۆپارێزی و ڕێگریی لە زیاتر بڵاوبوونەوەی نەخۆشی ئاوڵەی مەیموون بڵاو دەکەنەوە".
نەخۆشی ئاوڵەی مەیموون، نەخۆشییەکی ڤایرۆسی گوازراوەیە و یەکەم جار لە ساڵی 1970 لە مرۆڤدا دۆزرایەوە کە سەرچاوەی بڵاوبوونەوەکەشی بۆ وڵاتانی ناوەڕاست و ڕۆژئاوای ئەفریقا دەگەڕێتەوە.