تۆمەتباری کوشتنی خۆپیشاندەرانی ناسریە ئازاد کرا

عومەر نزار - تۆمەتباری دۆسیەی کۆمەڵکوژی خۆپیشاندەرانی ناسریە (وێنە: فەیسبووک)
عومەر نزار - تۆمەتباری دۆسیەی کۆمەڵکوژی خۆپیشاندەرانی ناسریە (وێنە: فەیسبووک)

دادگای تێهەڵچوونەوەی عێراق سزای زیندانی هەتاهەتایی ئەفسەرێک هەڵوەشاندەوە کە بە کوشتنی خۆپیشاندەرانی شاری ناسریە لە ساڵی 2019، تۆمەتبار کرابوو.

دەسەڵاتی دادوەری عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاوی کردووەتەوە، بەهۆی نەبوونی بەڵگەی پێویست، دادگای تێهەڵچوونەوە بڕیاری ئازادکردنی بۆ ئەفسەر عومەر نزار دەرکردووە کە پلەی موقەدەمە لە وەزارەتی ناوخۆ عێراق.

بڕیارەکەی دادگای تێهەڵچوونەوە، لە کاتێکدایە کە پێشتر دادگای تاوانەکانی زیقار لە حوزەیرانی 2023، بە تاوانی تێوەگلان لە کۆمەڵکوژیی خۆپشاندەران سزای زیندانی تاهەتایی بۆ ئەو ئەفسەرە دەرکرد. کۆی کوژراونی خۆپیشاندانەکانی شارەکە نزیکەی 70 کەس و برینداربوونی 2550 کەس بوو.

لەلایەکی دیکەوە، دادگای تاوانەکان و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، دانیشتنی دادگایی کردنی نوور زوهێر، تۆمەتباری یەکەمی دزینی سەدەی دواخست، بەهۆی ئەوەی لەبەردەم دادوەر ئامادە نەبوو، هاوکات پارێزەرەکەشی داوای داخستنی دانیشتنەکەی کرد، بەمەش دانیشتنی دادگاکە بۆ 27ی ئەم مانگە دوا خرا.

Fly Erbil Advertisment