خدر دۆملی: پێویستە حکوومەتی عێراقی بە فەرمی داوای لێبووردن لە ئێزیدییەکان بکات

چالاکوانێکی مافی مرۆڤ دەڵێت: پێویستە حکوومەتی عێراقی بە فەرمی داوای لێبووردن لە ئێزدییەکان بکات چونکە نەیتوانی بیانپارێزێ و بەرپرسیارەتی خۆی لە قەرەبووکردنەوەیان جێبەجێ نەکرد.
پێنجشەممە 15ـی ئابی 2024، خدر دۆملی، چالاکوانی مافی مرۆڤ بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: ئێزیدییەکان 10 ساڵە چاوەڕێی جێبەجێکردنی دادپەروەریین بۆ ئەو تاوانەی دەرهەقیان کراوە،. دەبوو حکوومەتی عێراق گۆڕە بەکۆمەڵەکانی هەڵدابایەوەو پشکنینی بۆیان کردبا، هاوکات دەبوو مۆزەخانەیەک بۆ ئەو تاوانانەی دەرهەق بە ئێزیدییەکان کراوە، دروستکرابایە.
دەشڵێت: هێشتا برینی ئێزدییەکان چارە نەبووە چونکە تەنها لە مێدیاکانەوە بانگەشەی هاوسۆزیی بۆ ئێزدییەکان دەکەن. مێدیاکان پەیامی سیاسیی خۆیان دەگەیەنن، ئەوان نازانن چی بەسەر ئێزیدییەکان هاتووە، تا ئێستا 2400 ئێزیدی بێ سەروشوێنن. تەنانەت بۆ 20 گۆڕی بەکۆمەڵ تابلۆ دانەنراوە ئەوەی بزاندرێت گۆڕی بەکۆمەڵی ئێزیدییەکانە.
ئەو چالاکوانە گوتی: قەرەبوو تەنها بڕێنەوەی مووچە نییە، پێویستە حکوومەتی عێراق دان بە جینۆسایدکردنی ئێزیدییەکانەوە بنێت و بەفەرمی داوای لێبووردن لە قوربانییان بکات کە نەیانتوانی بیان پارێزن، لەگەڵ گەڕانەوەی شکۆمەندانەی خەڵکەکە بۆ ناوچەکانی خۆیان.
گوتیشی: کاتی جینۆسایدکردنەکە سەنتەرێکی تایبەت بۆ چارەسەریی دەروونی لە دهۆک دامەزرا بۆ قوربانییان، لەگەڵ دروستکردنی دەستەیەکی تایبەت بۆ دیکۆمێنتکردنی بەڵگەکان. حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕۆڵی لە دروستکردنی دادگایەک هەبوو بۆ دادگایی کردنی ئەو تاوانبارانەی دەستییان هەبوو لە تاوانەکانی بەرمابەر ئێزیدییەکان کران، بەڵام حکوومەتی عێراقی ڕەتی کردەوە، لەگەڵ ئەوەشدا حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئێزیدییەکانی لە باوەش گرت و خوێندنی بۆ منداڵەکان بەردەست کرد.