فوئاد حوسێن: لە قۆناغی کۆتایی ئیمزاکردنی یاداشتەکانی نێوان عێراق و تورکیاین

K24 – هەولێر:
وەزیری دەرەوەی عێراق ڕایگەیاند: لەسەروبەندی دانانی کۆتا خاڵەکانی یاداشتەکانی نێوان عێراق و تورکیان. هاوکات گوتی: "لەگەڵ فیدان باسمان لە ڕووبەڕووبوونەوەی ڕێکخراوە تاوانکارییەکان و بازرگانانی ماددە هۆشبەرەکان کرد".
فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق، لەمیانەی کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانی هاوبەش لەگەڵ هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا، گوتی: ماوەی دوو ڕۆژە کۆبوونەوەی تیمی عێراقی و تورکی بەردەوامە، ئێستە لە سەروبەندی دانانی کۆتا خاڵەکانی یاداشتەکانی لێتێگەشتنی نێوان هەردوولان، ئەو یاداشتانەی کە پێشتر لەلایەن هەردوولا ئامادەکراون.
وەزیری دەرەوەی عێراق، دەڵێت: یاداشتەکان ئەو کاتە ئیمزا کران کە سەرۆککۆماری تورکیا سەردانی بەغدای کرد و لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبووەوە و توانییان یاداشتەکان ئامادە بکەن و ئیمزای بکەن. ناوبراو جەختی لەوە کردەوە: چاودێرییەکی بەردەوام لەنێوان هەردوو وڵاتدا هەیە بۆ ئەوەی یاداشتەکان وەکو خۆیان جێبەجێ بکرێن.
فوئاد حوسێن، گوتی: خۆشحاڵم و ئەو کارەی کە دوێنێ لەنێوان تیمی عێراقی و تورکی کرا، هەردوولایان گەیشتوونەتە ئاساتێکی زۆر بەرز، بە شێوازێک ئێستە لێژنەکان ئامادەکراون و دابەشیش کراون، کاری لێژنەکان پەیوەستن بە دۆسیەی ئاو، بازرگانی، گەشتیاری، بواری تەندروستی و کشتوکاڵ.
هاوکات گوتیشی: بابەتی ئەمنیی پرسێکی دیکەی گرنگی کۆبوونەوەکان بوو، هەروەها کاراکردنی لێژنەکان کاری زۆر گرنگن بۆ ئەوەی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات زیاتر بەرەو پێشتر بچن.
فوئاد حوسێن، لەبارەی تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەی لەگەڵ فیدان و بەرپرسانی تورکیا، ئاشکرای کرد: باسیان لە چۆنیەتی ڕووبەڕووبوونەوەی ڕێکخراوە تاوانکارییەکان کردووە، هەردوو وڵات ئیستە رووبەڕووی هێرشی جیا جیا دەبنەوە. جەختی لەوە کردەوە: ئەرکی هەردوو حکوومەتە ڕووبەرووی ئەو رێکخراوە تاوانکارییانە ببنەوە کە چالاکن لە عێراق و تورکیا.
باسی لە ڕووبەڕووبوونەوەی بازرگانانی مادە هۆشبەرەکان کرد و گوتی: دەبێت هەردوولامان بە هەماهەنگی ڕووبەڕووی ئەم دیاردەیە ببینەوە.
لەبارەی ڤیزای تورکیاوە، وەزیری دەرەوەی عێراق، ڕایگەیاند: سەرەتای مانگی ئەیلوولی ئەم ساڵ ڕێکارەکانی پێدانی ڤیزای تورکیا بە هاووڵاتییانی عێراقی بۆ شێوازێکی دیکە دەگۆڕێت، کە ئەمەش یارمەتیدەر دەبێت تا کۆمەڵگەی عێراقی و تورکی پەوەندییەکانیان پتەوتر بن و لە ڕووی ئابووری زیاتر بەرەوە پێش بچن.
تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکانیان یاداشتی لێکتێگەیشتنی سەربازی و ئەمنیی بوو وەک ئەوەی فوئاد حوسێن ئاماژەی پێدا، کە ئەمە یەکەم یاداشتە لە مێژووی هەردوو وڵاتدا.
ناوبراو ڕوونیکردەوە، هەر جمووجۆڵێک لە خاکی عێراق لە دژی وڵاتانی دراوسێ ئەنجام بدرێت دژی دەستووری عێراقە، ڕێکخراوە چەکدارەکان مەترسییان لەسەر سیاسەت و ڕەوتی دیموکراسییەت لە عێراق دروست کردووە.
هاوکات گوتیشی: "زۆر خۆشحاڵم دوای دانوستان گەیشتنین بە ڕێککەوتن کە لە سەربازگەی باشیک سوپای تورکیا مەشق و ڕاهێنان بە سوپای عێراق بکات.
بابەتێکی دیکە کە لە کۆبوونەوەکان گفتوگۆیان لەسەر کردووە چەکدارانی پەکەکە بووە، لەو بارەیەوە، وەزیری دەرەوەی عێراق، دەڵێت: بوونی چەکدارانی پەکەکە لە مەخمور و شنگال، مەترسی بۆ سەر هەرێمی کوردستان، عێراق و وڵاتانی دراوسێ دروست کردووە.
گوتیشی: حکوومەتی عێراق کۆمەڵێک ڕێکاری گرتووەتەبەر کە ئەویش؛ ئەنجوومەنی وەزاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق بڕیاری داوە، پەکەک بخرێتە لیستی پارتە قەدەغەکراوەکان، سکاڵاش پێشکەشی دادگای فیدراڵی کراوە لەو بارەوە، دادگاش بە تووندی مامەڵەی لەگەڵ ئەو لایەنانە کردووە کە نوێنەرایەتیی پەکەکە دەکەن لە نێو خاکی عێراق.
ڕۆژی یەکشەممە، 11-08-2024، لێژنەى باڵاى ئەمنیى عێراق بە سەرۆکایەتیى فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیرى دەرەوە و بە ئامادەبوونى ڕێبەر ئەحمەد، وەزیرى ناوخۆى هەرێمى کوردستان کۆ بووەوە. بە گوێرەى ڕاگەیەندراوى وەزارەتى دەرەوەی عێراق، لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی ئامادەکارییەکانی سەردانی لێژنەکە بۆ تورکیا کراوە.
چەند ڕۆژێک پێش ئێستا، سەبارەت بە بەردەوامی دیدارەکان لەگەڵ حکوومەتی عێراق، سەرچاوەکانی وەزارەتی بەرگریی تورکیا بە ئاژانسی هەواڵی ئەنادۆڵۆیان ڕاگەیاند: "ڕاگەیاندنی پەکەکە بە 'ڕێکخراوی قەدەغەکراو' هەنگاوێکی گرنگە، بەڵام ئێمە چاوەڕوانین بە تەواوی بە 'ڕێکخراوی تیرۆریستیی' ڕابگەیەندرێت".