مەحموود عەباس لە پەرلەمانی تورکیا: بڕیارمدا بچمە غەززە

مەحموود عەباس، سەرۆکی دەسەڵاتدارێتی فەڵەستین
مەحموود عەباس، سەرۆکی دەسەڵاتدارێتی فەڵەستین

K24 – هەولێر:

سەرۆکی دەسەڵاتدارێتی فەڵەستین لە پەرلەمانی تورکیا وتارێکی پێشکەش کرد و ئاشکرای کرد: بڕیاریداوە خۆی و بەرپرسانی دەسەڵاتدارێتی فەڵەستین بچنە غەززە و داوای لە سەرکردەی وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامیش کرد، ئەو ئەرکە پێکەوە بەجێ بگەیەنن.

15ـی ئابی 2024، مەحموود عەباس، سەرۆکی دەسەڵاتدارێتی فەڵەستین لە پەرلەمانی تورکیا بە ئامادەبوونی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا وتارێکی پێشکەش کرد و ڕایگەیاند: خۆی و بەرپرسانی ئیدارەکەی دەچنە کەرتی غەززە چونکە هیچ ڕێگەچارەیەکی دیکەیان نەماوە.

مەحموود عەباس داوا لە سەرکردەی وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی کرد پێکەوە ئەو ئەرکە بەجێب گەیەنن و پاڵپشتیان بن لەو هەنگاوە.

هەروەها سەرۆکی دەسەڵاتدارێتی فەڵەستین گوتیشی: "هیچ رێگەچارەیەک لەبەردەممان نەماوە، بۆیە خۆم و تەواوی بەرپرسانی دەسەڵاتدارێتی فەڵەستین بڕیارمان داوە بچینە غەززە. خوێنی ئێمە لە خوێنی منداڵێکی غەززە بە بەهاتر نییە، ئێمە حوکمی ئیسلام جێبەجێ دەکەین، یان سەرکەوتن، یان شەهیدبوون. لێرەوە بانگەوازێک ئاراستەی سەرکردەکانی عەرەب و وڵاتانی ئیسلامی دەکەم، وەرن ئەم ئەرکە مرۆییە پێکەوە بەجێبگەیەنین".

Fly Erbil Advertisment