شوان محەممەد: ئەگەر کورد لە کەرکووک یەکگرتووبووایە ئەو هەموو پۆستەی لەدەست نەدەدا

K24 – هەولێر:
ئەندامێکی مەكتەبی سیاسیی حزبی زەحمەتكێشان، ئاماژەی بەوە دەکات، لە دوای 16ـی ئۆکتۆبەرەوە لە کەرکووک بە شیوازێکی زۆر نابەرپرسانە مامەڵە لەگەڵ پرسی کورددا کراوە.
شوان محەممەد، ئەندامی مەكتەبی سیاسیی حزبی زەحمەتكێشان، لەمیانەی بەشداریی لە ژووری هەواڵی کوردستان24ـدا، گوتی: کورد لە کەرکووک لە دوای 16ـی ئۆکتۆبەرەوە بە قۆناغێکی زۆر سەختدا تێپەڕیوە و هیچ پۆست و پلەیەک لە ناوچە جێناکۆکەکان بە تایبەتی لە کەرکووک لەدەستیدا نەماوە.
ئەو ئەندامەی حزبی زەحمەتکێشان، دەڵێت: "لە دوای 16ـی ئۆکتۆبەرەوە لە کەرکووک بە شیوازێکی زۆر نابەرپرسانە مامەڵە لەگەڵ پرسی کورددا کراوە، هیواداربووین لە دوای هەڵبژاردن کورد بتوانێت ئەو پۆستە و پێگانەی کە لە کەرکووک لەدەستی داوە، وەریبگرێتەوە."
باسی لەوەش کرد: خەڵکی کەرکووک ماندوو و هیلاکن چاوەڕێی ئەوەن خزمەت بکرێن، هەروەها دەبوو هەموو لایەنەکان ڕێک بکەون بە ڕەزامەندی گشتیان پارێزگارێک بۆ کەرکووک دیاری بکەن.
گوتیشی: ئەگەر کورد لە کەرکووک یەکگرتووبووایە ئەم هەموو پۆستەی لەدەست نەدەدا.