عێراق وادەی کۆتایی هێنانی ئەرکی هاوپەیمانانی دواخست

بەهۆی پێشهاتەکانی  ئەم دواییە، عێراق، وادەی کۆتایی هاتنی ئەرکی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە سەرۆکایەتی ئەمەریکا دواخست.

وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، لیژنەی باڵای سەربازی ئەمەریکا و عێراق کە بەرپرسانی هەردوو وڵات لەخۆدەگرێت، باسیان لە وردەکاری کشانەوەی ڕاوێژکارەکان و سەربازەکان کردووە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، کارەکانی لیژنەی باڵای سەربازی لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا لەسەر هەڵسەنگاندنی مەترسییەکانی داعش بوو بە ئامانجی گەیشتن بە وادەی کۆتاییهێنان بە ئەرکی سەربازی ئۆپەراسیۆنەکان و بەئیرادەیەکی بەهێز. لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە، لەسەر ئەو بنەمایە کۆتایی بە بوونی ڕاوێژکارانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە هەموو نەتەوەکان لەسەر خاکی عێراق دەهێنرێت.

هەروەها گفتوگۆکان وردەکارییەکانی پلەبەندی کشانەوەی ڕاوێژکارانی لەخۆگرتووە.

ئەوەشی خستە ڕوو، ئەوەی ماوەتەوە ڕێککەوتنە لەسەر وردەکاری و وادەی ڕاگەیاندنەکە و هەندێک لایەنی لۆجستیکی دیکە.

هەروەها "ئێمە نزیک بووینەوە لە ڕاگەیاندنی ئەم ڕێککەوتنە، بەڵام بەهۆی پێشهاتەکانی ئەم دواییە، ڕاگەیاندنی کۆتایی هاتنی ئەرکی سەربازیی ساڵی 2019 هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق دواخرا".

عێراق میوانداری ئەو دوو هەزار و 500 سەربازی ئەمەریکی دەکات، سەرەڕای هەبوونی گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران.

سەرچاوە عێراقییەکان ڕایانگەیاندووە، بەغدا دەیەوێت هێزەکانی هاوپەیمانی سەربازی بە سەرۆکایەتی ئەمەریکا لە مانگی ئەیلولی داهاتوو دەست بە کشانەوە بکەن و تا مانگی ئەیلولی 2025 بە فەرمی کۆتایی بە کارەکانی هاوپەیمانییەکە بهێنن، لەگەڵ ئەگەری مانەوەی هەندێک لە هێزە ئەمەریکییەکان لە پلەی ڕاوێژکاریدا بەپێی دانوستانێکی نوێ.

Fly Erbil Advertisment