نێچيرڤان بارزانى له‌ يادى 16ى ئابدا پەیامێکی بڵاو کردەوە

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان

ئەمڕۆ هەینی 16ـی ئابی 2024، نێچیرڤان بارزانی، لە یادی 16ـی ئابدا، پەیامێکی بڵاویکردەوە و تێیدا هاتووە، به‌ گه‌رمى پيرۆزبايى له‌ جه‌نابى سه‌رۆك مه‌سعوود بارزانى و سه‌ركردايه‌تى و ته‌واوى ئۆرگانه‌كان و ئه‌ندامان و لايه‌نگران و جه‌ماوه‌رى پارتى و له‌ پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانه‌کان و گه‌لى كوردستان به‌گشتى ده‌كه‌م. له‌ كاروانى به‌رده‌وامى خه‌بات و تێكۆشاندا، هيواى سه‌ركه‌وتن بۆ پارتيمان و هه‌موو دڵسۆزانى كوردستان ده‌خوازم.

دەقی پەیامی نێچیرڤان بارزانی؛

له‌ يادى (78) ساڵه‌ى دامه‌زراندنى پارتى ديموكراتى كوردستاندا، سه‌رى ڕێز و نه‌وازش بۆ گيانى پاكى شه‌هيدانى كوردستان داده‌نوێنين و سڵاو بۆ خانه‌واده‌ى سه‌ربه‌رزيان ده‌نێرين. به‌ شكۆوه‌ ڕابه‌رى گه‌لى كوردستان و دامه‌زرێنه‌رى پارتى، بارزانيى نه‌مر و ته‌واوى هاوه‌ڵانى و هه‌موو ئه‌و قاره‌مان و شۆڕشگێڕانه‌ به‌بير ده‌هێنينه‌وه‌ كه‌ له‌ كاروانى خه‌باتى پارتى و بزووتنه‌وه‌ى ڕزگاريخوازى كوردستاندا تێكۆشاون و قوربانييان داوه‌.

به‌ گه‌رمى پيرۆزبايى له‌ جه‌نابى سه‌رۆك مه‌سعوود بارزانى و سه‌ركردايه‌تى و ته‌واوى ئۆرگانه‌كان و ئه‌ندامان و لايه‌نگران و جه‌ماوه‌رى پارتى و له‌ پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانه‌کان و گه‌لى كوردستان به‌گشتى ده‌كه‌م. له‌ كاروانى به‌رده‌وامى خه‌بات و تێكۆشاندا، هيواى سه‌ركه‌وتن بۆ پارتيمان و هه‌موو دڵسۆزانى كوردستان ده‌خوازم.

له‌م ياده‌ پيرۆزه‌دا داكۆكى له‌ به‌ها و بنه‌ما نه‌گۆڕه‌كان و ئه‌و ئامانجه‌ نه‌ته‌وه‌يى و نيشتمانييه‌ باڵايانه‌ ده‌كه‌ينه‌وه‌ كه‌ پارتى له‌پێناوياندا دامه‌زرا و ڕابه‌رايه‌تيى بزووتنه‌وه‌ى ڕزگاريخوازى كوردستانى كرد. مايه‌ى شانازييه‌كى گه‌وره‌يه‌ كه‌ له‌ ڕۆژى دامه‌زراندييه‌وه‌، پارتى پێشه‌نگيى بزووتنه‌وه‌ى كوردايه‌تييه‌ بۆ گه‌يشتن به‌ ئازادى و سه‌رفرازيى كوردستان و تا سه‌ركه‌وتنى يه‌كجارى به‌ بڕواوه‌ به‌رده‌وام ده‌بێت‌.

له‌ كاتێكدا يادى پيرۆزى 16ى ئاب ده‌كه‌ينه‌وه‌ كه‌ هه‌رێمى كوردستان و عێراق و ناوچه‌كه‌ له‌به‌رده‌م پێشهات و ئاڵنگاريى گه‌وره‌دان. پارتى چۆن له‌ خه‌بات و شۆڕش و ده‌سكه‌وته‌كانى گه‌لى كوردستاندا، ڕۆڵ و ئه‌رك و به‌رپرسياريه‌تيى سه‌ره‌كى هه‌يه‌، ئێستا و بۆ هه‌ميشه پێشه‌نگى پته‌وكردنى ته‌بايى و يه‌كڕيزى و پێكه‌وه‌يى و پاراستنى پێكه‌وه‌ژيان و يه‌كترقبووڵكردن و لێبورده‌يى و مافه‌ ده‌ستوورييه‌كانى گه‌لى كوردستانه‌ و به‌ هه‌موو هێز و توانايه‌وه‌ له‌مپێناوه‌دا ده‌سپێشخه‌ر و به‌رده‌وام ده‌بێت‌.

پارتى هه‌ميشه‌ شانازى به‌ مێژووى تێكۆشان و قوربانى و ده‌سكه‌وته‌‌كانييه‌وه‌ ده‌كات و به‌ بڕوا و متمانه‌ى گه‌لى كوردستان، به‌ هيوا و ئومێده‌وه‌ بۆ داهاتوويه‌كى گه‌شتر كار ده‌كات. بۆيه‌ پێويسته‌ هه‌ميشه‌ خۆى له‌گه‌ڵ پێشكه‌و‌تنه‌كانى سه‌رده‌م له‌ هه‌موو بواره‌كاندا نوێ بكاته‌وه‌ و بره‌و به‌ ئه‌زموونى حوكمڕانى و به‌هێزكردنى دامه‌زراوه‌كان و گيانى نيشتمانى و سووربوون له‌سه‌ر تێكۆشان بدات تا ئازادى و سه‌رفرازى و هه‌موو مافه‌كانى گه‌لى كوردستان مسۆگه‌ر ده‌كات.

 

سڵاو و دروود له‌ گيانى پاكى شه‌هيدان

پيرۆز بێت يادى 16ى ئاب

نێچيرڤان بارزانى

2024/8/16

Fly Erbil Advertisment