ڕاگەیاندنی نووسینگەی مەلامستەفا بارزانی: 78مین ساڵیادی لە دایکبوونی سەرۆک بارزانی، ڕێبەری نەتەوەیی پیرۆز بێت

ڕاگەیاندنی نووسینگەی مەلامستەفا بارزانی بڵاویکردەوە، سەرۆک بارزانی وەک ڕابەرێکی نیشتیمانی، چ لە بەرەکانی شەڕ دژی دوژمنان چ لە سەر ئاستی دیپلوماسیی جیهانی، ئیرادەی گەلی کوردستانی سەرخست و پێکەوەژیانی گەلانی لە کوردستان زیاتر بەرجەستە کرد و ئومێد و بڕوا بەخۆبوونی گەلەکەمانی بە مافە ڕەواکانی زیندوو کردەوە.
ئەمڕۆ 16ـی ئابی 2024، ڕاگەیاندنی نووسینگەی مەلا مستەفا بارزانی لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، حەفتاو هەشتەمین ساڵیادی لە دایکبوونی ڕێبەری نەتەوەیی و نیشتیمانیمان سەرۆک بارزانی و دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە هەموو کوردستانییەکی تێکۆشەر و دڵسۆز پیرۆز دەکەین.
سەرۆک بارزانی، وەک ڕابەرێکی نیشتیمانی، چ لە بەرەکانی شەڕ دژی دوژمنان و تیرۆریستان و چ لە سەر ئاستی دیپلوماسیی جیهانی، ئیرادەی گەلی کوردستانی سەرخست و پێکەوەژیانی گەلانی لە کوردستان زیاتر بەرجەستە کرد و ئومێد و بڕوا بەخۆبوونی گەلەکەمانی بە مافە ڕەواکانی زیندوو کردەوە.
دامەزراندنی پارتی وەک گەورەترین و سەردەمیانەترین حزبی دیموکرات و جەماوەری، لە فراوانترین پانتایی جوگرافی لە سەرتاسەری کوردستان، وەرچەرخانێک بوو لە خەباتی ڕزگاریخوازی گەلەکەماندا، کە هەموو ئازادیخوازێکی لە ژێر چەتر و ڕێبەرایەتی باوکی نەتەوەییمان بارزانی نەمر، کۆکردەوە و ڕوحی بەرگریکردن و خۆڕاگری لە ناخی هەموو نیشتمان پەروەرێکدا زیندوو کردەوە.
لەم بۆنەیەدا بە تایبەتی پیرۆزبایی لە خانەوادەی سەربەرزی شەھیدان و كەسوکاری ئەنفالکراوان و کیمیاباران و زیندانییانی سیاسیی گەلەکەمان دەکەین، ئەم یادە پیرۆزە پایەدار بێت و هیوای تەمەندرێژی بۆ جەنابی سەرۆک بارزانی دەخوازین لە ژێر رێبەرایەتی جەنابیان گەلەکەمان بە هەموو ئاواتەکانی بگات.
ڕاگەیاندنی نووسینگەی مەلامستەفا بارزانی