لە برۆکسل گەورەترین فەرشی گوڵ دروستکرا
لە برۆکسلی پایتەختی بەلجیکا گەورەترین فەرشی گوڵین دروست دەکرێت، تیایدا یەک ملیۆن گوڵی دالیا بەکاردەهێنرێت. درێژی فەرشەکە 80 مەترە و پانییەکەشی 24 مەتر دەبێت. جێگری پارێزگاری برۆکسل بە کوردستان 24ـی ڕاگەیاندووە کە ئامانجیانە گەشتیاری زیاتر بۆ وڵاتەکەیان ڕابکێشین .
پاوڵینا رۆدریگز، خۆبەخش بۆ کوردستان24 دەڵێت: "من لێرەم و دڵم خۆشە چونکە ئەزمونێکی تازەیە بۆم، پێویستە گوڵەکان لەسەر زەوی بڵاوبکەینەوە بەپێ ی ئەو ژمارانەی بۆمان دانراوە، بۆنموونە ژمارە یەک گوڵە سپییەکانە و ژمارە دوو گوڵە سورەکانن".
ئەو فیستیڤاڵە ئامانجی خۆی هەیە و جێگری پارێزگاری برۆکسل لەوبارەوە ڕایدەگەیەنێت، مەبەستیانە سەرنجی زیاتری خەڵک و گەشتیار ڕابکێشن تا سەردانیکارانی بەلجیکا زیاتر بێت".
دێلفین هوبا، جێگری پارێزگاری برۆکسل گوتی، "ئێمە شانازی بە وڵات و بەرهەمەکانمانەوە دەکەین، دواتر شانازی زۆر بە پیشاندانی گوڵفرۆش و هونەرمەندەکانمانەوە دەکەین کەتوانایەکی زۆریان هەیە، پەیامی ئێمە ئەوەیە پێشوازی لەهەموو ئەو کەسانە دەکەین کەسەردانی برۆکسل دەکەن" .
دیزاینەری فەرشەکەش دەڵێت، هونەری سەر شەقامی لەگەڵ گوڵ و گوڵزار تێکەڵاو کردووە، بۆئەوەی گوزارشت لە لەنەتەوە و کولتورە جیاوازەکانی ئەم شارە بکات.
ئۆسیانا کۆرنیلێ، دیزاینەر لای خۆیەوە ڕایگەیاند، بەتەواوی گرنگی دەدەم بە گوڵەجیاوازەکان کە پێکەوە جوانن، هاوشێوەی ناسنامە جیاوازەکان لەرووی مێژوو و زمانەوە، هەموو ئەوانە وایان کردووە کردووە لەم شارە سەرنج راکێشەدا، جیهانێکی تایبەت و کولتووری جۆراوجۆر بگەشێتەوە" .
مێژووی دروستکردنی فەرشی گوڵین دەگەرێتەوە بۆ ساڵی 1971 هەموو دوو ساڵ جارێک دروست دەکرێت. ئەمساڵ تەواوی فەرشەکە پێکهاتووە لەگوڵی ڕەنگاورەنگی دالیا کە لەشارۆچکەی لۆنهاتی بەلجیکاوە بەرهەم هاتوون.