حکوومەتی هەرێم پێداویستییەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دابین دەکات
K24 - هەولێر:
سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران پێشوازی لە بەڕێوەبەری ئۆفیسی هەڵبژاردنەکانی پارێزگای هەولێر کرد و تاوتوێی ئامادەکارییه‌كانی کۆمیسیۆن و پێداویستیەکانی بۆ هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد و بێ کەموکووڕی کرد.
د. ئومێد صباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی له مەڕوان محه‌ممه‌د ساڵح، بەڕێوەبەری ئۆفیسی هەڵبژاردنەکانی پارێزگای هەولێر كرد و له كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا تاوتوێی ئامادەکارییه‌كانی کۆمیسیۆن و پێداویستیەکانی بۆ هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد و بێ کەموکووڕی كرا.
بەڕێوەبەری ئۆفیسی هەڵبژاردنەکانی پارێزگای هەولێر تیشکی خستە سەر ژماره‌یه‌ك پێداویستی گرنک و هەنووکەیی له‌وانه‌یش، دابینکردنی کارەبای 24 كاژمێر، پۆلیسی بەردەوام و هێلی ئەنتەرنێت بۆ بنکەکانی تۆمارکردنی دەنگدەران.
هاوكات له‌گه‌ڵ دابينكردنى ژمارەیەکی زیاتری ئۆتۆمبێلی ئاگرگوژێنەوە بۆ کۆگاكانیان و چارەكردنی گرفتی کۆگاکان لەگەڵ وەزارەتی بازرگانی و دابینکردنی چەند ئۆتۆمبێلێک بۆ ئۆفیسەکەیان بۆ باشتر ڕاییکردنی کارەکان. له لای خۆیه‌وه سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران ڕه‌زامه‌ندی له‌سه‌ر هه‌موو پێداویستییه‌كان نیشان دا.
هەروەها لەتەوەرێکی دیكه‌ی کۆبوونەوەکەدا تیشک خراوه‌ته سەر بابەتی دابەشکردنی زەوی و ڕەزامەندی سه‌رۆكوه‌زیران مەسرور بارزانی لەسەر پێدانی پارچەزەوی بەسەر فەرمانبەرانی کۆمیسیۆن "ئۆفیسی دەستەی هەرێم و ئۆفیسەکانی هەولێر، دهۆک و سلێمانی".
هاوكات له په‌یوه‌ندییه‌كی ته‌له‌فۆنیدا سەرۆکی دیوانی ئه‌نجوومه‌نی وەزیران له‌گه‌ڵ سەرۆکی کارگێڕی هەڵبژاردنی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق نیگەرانی خۆی دەربڕی سەبارەت بەلاڕێدابردنی تەوەرێکی کۆبوونەوەکەی ڕۆژی چوارشەممە 14ـی ئابی 2024ـی نێوان ئەنجوومەنی کۆمیسیاران و سەرۆکایەتی هەرێمی كوردستان و شاندێكی حکوومەتی هه‌رێمی كوردستان بە سەرۆکایەتی سەرۆکی دیوان، كه وه‌كوو ده‌ستكه‌وتێكی كه‌سی له پۆستێكی په‌یجی فه‌رمی ئۆفیسی ده‌سته‌ی هه‌ڵبژاردنی هه‌رێمی كوردستان ئاماژه‌ی پێ كرابوو، كه ئه‌مه دووره له کاری پیشەیی و خزمەت بە دامودەزگاکانی هەڵبژاردن ناکات.
سه‌رۆكی دیوانی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان به پێویستی زانی بوو ئه‌م بابه‌ته وەکوو خۆی باس بکرێت "ڕاستییه‌كه‌ی ئەو بەڕێزە کە بە هەوڵ و ماندووبونی خۆی وەسف دەکات، لە کۆبونەوەکەدا قسەی لەسەر ئەم بابەتە نەکردووە، بەڵکوو بەشێک لە ئەندامانی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران ئەو بابەتەیان باس کردووە و لە وەڵامدا سه‌رۆكی دیوانی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان ئاماژەی بەوە دا ئەم بابەتە لە ئەنجوومەنی وەزیرانە و پێشتر له‌گه‌ڵ سەرۆکی حکوومەتی هه‌رێمی كوردستان باس كراوه و بەڕێزیان ڕەزامەندی دەربریوە". "ڕاستی و دروستی بابەتەکە ئەوەیە ڕەزامەندی جەنابی سەرۆکی حكوومەت تەنیا ڕاگەیندراوە لە کۆبونەوەکە نەک لە سەر پێشنیازی هیچ کەسێک ڕەزامەندی درابێت ".