هەوڵەکان بۆ ڕاگەیاندنی ئاگربەست لە غەززە بەردەوامە

K24 – هەولێر:
وڵاتانی ئەمەریکا، میسر و قەتەر لە گفتوگۆکانیان لە دەوحە بەردەوامن بۆ ڕاگەیاندنی ئاگربەست لە غەززە و نێوەندگیری کردن لە نێوان بەرپرسانی حەماس و ئیسرائیل.
لە ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشدا لەسەر پێشنیازەکەی واشنتن بۆ ڕاگەیاندنی ئاگربەست، ئەمەریکا، میسر و قەتەر ڕایانگەیاند: لە چەند ڕۆژی داهاتوودا بەردەوام دەبن بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن لەسەر جێبەجێکردنی ئاگربەست لە غەززە و تیمە تەکنیکییەکان لەبارەی ناوەڕۆکی پێشنیازەکەی واشنتن زیاتر گفتوگۆ دەکەن.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، بەرپرسانی باڵای ئەمەریکا، میسر و قەتەر پێش کۆتایی هەفتەی داهاتوو جارێکی دیکە لە قاهیرە کۆ دەبنەوە و بەردەوامی بە گفتوگۆکان دەدەن.
ئەمەش لە کاتێکدایە، واشنتن لەسەر بنەمای بڕیاری ئەنجوومەنی ئاسایش بۆ ڕاگەیاندنی ئاگربەست لە غەززە، کە پێشنیازێکی جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا بوو لە مانگی حوزەیرانی ڕابردوو، پەسەندکرا، بە پشتیوانی میسر و قەتەر هەوڵەکانی چڕتر کردووەتەوە بۆ جێبەجێکردنی بڕیاری ئاگربەست لە غەززە.
هەر چەندە پێشتر حەماس ڕایگەیاندبوو بەشداری لە دانوستانەکانی دەوحە ناکات، لە یەکەم کاردانەوەش لە بارەی دەرئەنجامی کۆبوونەوەکان ڕایگەیاند: پابەندبوون بە هیچ یەکێک لەو خاڵانەی تێدا نییە کە پێشتر لە 2ـی تەمموز ڕێککەوتنی لەسەر کرابوو.
هەروەها کەناڵی 13ـی ئیسرائیل بڵاویکردووەتەوە، لە کۆبوونەوەکانی دەوحە، مەودای داواکارییەکانی نێوان حەماس و ئیسرائیل لەیەکەتر نزیک بوونەتەوە و پێدەچیت گەیشتن بە ڕێککەوتنی ئاگربەست نزیک بێت و ناتانیاهۆش چاوەڕێی کۆبوونەوەکەی دەرئەنجامی کۆبوونەوەکانی قاهیرە دەکات.
هاوکات هەردوو وەزیری دەرەوەی بەریتانیا و فەرەنسا لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانی هاوبەشدا لە 16ـی ئابی 2024، پشتیوانی خۆیان بۆ هەوڵەکانی گەیشتن بە ڕێککەوتن لەبارەی ڕاگەیاندنی ئاگربەست لە غەززە ڕاگەیاند.
ڕۆژنامەی واشنتن پۆستیش لە بەرپرسێکی ئیسرائیلی گواستووەتەوە و ئاماژەی بەوەکردووە: پێشکەوتنی باش لە ڕۆژی یەکەمی گفتوگۆکانی دەوحە بەدیهاتووە و لایەنەکان گەشبینن بگەنە ڕێککەوتن لەبارەی ڕاگەیاندنی ئاگربەست لە غەززە.
ئەمەش لە کاتێکدایە 315 ڕۆژە، هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە بەردەوامە و تاوەکوو ئێستا زیاتر لە 40 هەزار هاووڵاتی فەڵەستینی گیانیان لەدەستداوە و هەزاران کەسی دیکەش برینداربوون، جگە لە وێرانکردنی ژێرخانی گشتی ناوچەکە.