سەرکردەیەکی حەسم: مالیکی داوای ناوی نوێی کردووە بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکی پەرلەمان

K24 – هەولێر:
سەرکردەیەکی هاوپەیمانی حەسم ئاشکرای کرد، نوری مالیکی داوای پێشکەشکردنی ناوێکی دیکەی کردووە لەبری عیساوی و مەشهەدانی بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و جەختیشی کردەوە: هەندێک لایەنی چوارچێوەی هەماهەنگی دەیانەوێت ئەو پۆستە لای شیعە بمێنێتەوە.
محەممەد داینی، سەرکردە لە هاوپەیمانی حەسم ڕایگەیاند: پێش دوو هەفتە نوری مالیکی، سەرۆکی دەوڵەتی یاسا پێی ڕاگەیاندوون کە ناوی سالم عیساوی و مەحموود مەشهەدانی بە ناوی نوێ بگۆڕن بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق.
ئەو سەرکردەیەی حەسم باسی لەوەشکردووە: مالیکی پێی وتن: ناوی ئەو دوو کاندیدە سووتاوە و دەبێت جارێکی دیکە دەرگای خۆکاندیدکردن بکرێتەوە و ڕوونیشی کردەوە: مالیکی شکستی هێناوە لە ڕازیکردنی سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی لەسەر هەڵبژاردنی مەحموود مەشهەدانی.
داینی ئاماژەی بەوەشکردووە، بەشێک لە سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی نایانەوێت دەستبەرداری پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ببن و گوتیشی: چوارچێوەی هەماهەنگی دەتوانێت لە چەند کاتژمێرێکدا ئەو کێشەیە چارەبکات، بەڵام ئەو ئیرادەیە بوونی نییە.
دوای دوورخستنەوەی محەممەد حەلبووسی لە سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە تشرینی دووەمی 2023 بە بڕیاری دادگای فیدراڵ نزیکەی 10 مانگە سەرۆکی پەرلەمان کە بە گوێرەی ڕێککەوتنە سیاسییەکان پشکی سوننەیە، لەلایەن جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمان بەڕێوە دەبردرێت کە لە شیعەکانە.
ئەمەش لە کاتێکدایە، سوننەکان هاوپەیمانێتیەکی نوێیان بە سەرۆکایەتیی محەممەد حەلبووسی ڕاگەیاند کە 55 پەرلەمانتاری لەخۆ گرتووە و داوای هەموارکردنەوەی بڕگەی 12ـی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان دەکەن بۆ ئەوەی سەر له نوێ دەرگای خۆکاندیدکردن بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان بکرێتەوە.
ڕۆژی 13ـی ئابی 2024، ههر یهك له حزبی تهقهدوم، حزبی جهماهیری نیشتمانی، هاوپهیمانی حهسمی نیشتمانی، فراكسیۆنی سهداره، پرۆژهی نیشتمانی عێراقی و فراكسیۆنی دهستپێشخهری ڕاگهیهنراوێكی هاوبهشیان بڵاو كردهوه و تێیدا ئاماژه به پێكهێنانی گهورهترین فراكسیۆنی پهرلهمانی کرد كه له 55 پهرلهمانتار پێكهاتووه.
هەریەک لە هاوپەیمانییەکان عەزم و سیادە دژی ئەو هاوپەمانییەتیەی حەلبووسی و لایەنەکانی دیکەی سوننەن و ڕایانگەیاندووە ڕێگە نادەن جارێکی دیکە دەرگای خۆکاندیدکردنەوە بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان بکرێتەوە.
هاوکات هەردوو هاوپەیمانی عەزم و سیادە، پشتگیری خۆیان بۆ کاندیدکردنی مەحمود مەشهەدانی دووپاتدەكەنەوە و لە راگەیاندراوێكدا بڵاویانكردەوە، بڕیارەكەیان وەڵامدانەوەیە بۆ هەوڵی هێزە نیشتمانییەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی و پارتی دیموكراتی كوردستان، لەپێناو چارەكردنی پرسی كێشەی هەڵبژاردنی سەرۆكی پەرلەمان و پابەندبوون بە بڕیاری دادگای فیدراڵی و نەكەوتنە ناو هەڵەی دەستوورییەوە.