هیوا ئەحمەد: پارتی کەرکووک جێناهێڵێت

K24 – کەرکووک:

بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی کەرکووک - گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند: پێویستە سەرجەم پێکهاتەکان پێکەوە خزمەتی بکەن و جەختی کردەوە: پارتی کەرکووک جێناهێڵێت.

16ـی ئابی 2024، هیوا ئەحمەد، بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی کەرکووک - گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان بەکوردستان24ـی ڕاگەیاند، پارتی کەرکووک بەهی خۆی دەزانێت و بەجێی ناهێڵێت.

هیوا ئەحمەد ڕاشیگەیاند، پەیامیان ئەوەیە کەرکووک شاری پێکەوەژیانە و پێویستە سەرجەم پێکهاتەکان پێکەوە خزمەتی بکەن.

ئەمڕۆ هەینی بەبۆنەی 78 ساڵەی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە، لە لقی کەرکووکی پارتی چەند چالاکییەک بەڕێوەچوو، سەرکردایەتی پارتی لەو شارە لەگەڵ ئەندام و لایەنگرانی پارتی لە کەرکووک یادەکەیان بەرز ڕاگرت.

پێش 78 ساڵ، لە 16ـی ئابی 1946، پارتی دیموکراتی کوردستان بە ڕابەرایەتی مەلا مستەفا بارزانی دامەزرا و تاوەکوو ئێستا 14 کۆنگرەی کردووە و بەپێی دەرئەنجامی هەڵبژاردنەکانیش، ئێستا پارتی لە هەرێمی کوردستان و عێراق، گەورەترین پارتی سیاسیی جەماوەرییە.

Fly Erbil Advertisment