قەیس خەزعەلی بەبۆنەی دامەزراندنی پارتی پیرۆزبایی لە سەرۆک بارزانی دەکات

لۆگۆی پارتی دیموکراتی کوردستان
لۆگۆی پارتی دیموکراتی کوردستان

K24 – هەولێر:

بەبۆنەی 78 ساڵەی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی عەسایب ئەهل حەق پیرۆزبایی لە سەرۆک بارزانی دەکات و هیوای سەرکەوتن و بەردەوامی بۆ دەخوازێت.

16ـی ئابی 2024 قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی عەسایب ئەهل حەق، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی (ئێکس) بەبۆنەی دامەزراندنی پارتی پەیامێکی بڵاو کردەوە تێیدا هاتووە: "بەبۆنەی 78 ساڵەی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان پیرۆزبایی لە سەرۆک بارزانی دەکەم و هیوای سەرکەوتن و بەردەوامیی بۆ دەخوازم."

لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەی ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی عەسایب ئەهل حەقدا هاتووە: پارتی دیموکراتی کوردستان قوربانی زۆری داوە لە بەرەنگاربوونەوەی ڕژێمی دیکتاتۆری پێشووی عێراق، هەروەها پارتی بەشدارییەکی کارای هەبووە لە پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری هەرێمی کوردستان و عێراق.

پێش 78 ساڵ، لە 16ـی ئابی 1946، پارتی دیموکراتی کوردستان بە ڕابەرایەتی مەلا مستەفا بارزانی دامەزرا و تاوەکوو ئێستا 14 کۆنگرەی کردووە و بەپێی دەرئەنجامی هەڵبژاردنەکانیش، ئێستا پارتی لە هەرێمی کوردستان و عێراق، گەورەترین پارتی سیاسیی جەماوەرییە.