میری ئێزدییان لە کوردستان و جیهان پیرۆزبایی لە سەرۆک بارزانی دەکات

K24 – هەولێر:
بە بۆنەی 78 ساڵەی دامەزراندنی پارتی و لەدایکبوونی سەرۆک بارزانی، میری ئێزدییان لە کوردستان و جیهان، پیرۆزباییەکی ئاراستەی سەرۆک بارزانی و ئەندام و لایەنگرانی پارتی دەکات.
میر حازم تەحسین بەگ، میری ئێزدییان لە کوردستان و جیهان پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە: بە بۆنەی 16ـی ئاب، ساڵیادی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان و ڕۆژی لەدایکبوونی سەرۆک مەسعود بارزانی، پیرۆزبایی لە سەرۆک و هەموو ئەندام و لایەنگرانی پارتی دەکەین.
میری ئێزدییان لە پەیامەکەی ئاماژەی بەوەشکردووە: هیوادارین لە خوای گەورە، ئەوە ئاشتی و ئارامی و پێکەوەژیانەی لە نێوان ئایین و نەتەوە و پێکهاتەکانی کوردستان بپارێزێت.
پێش 78 ساڵ، لە 16ـی ئابی 1946، پارتی دیموکراتی کوردستان بە ڕابەرایەتی مەلا مستەفا بارزانی دامەزرا و تاوەکوو ئێستا 14 کۆنگرەی کردووە و بەپێی دەرئەنجامی هەڵبژاردنەکانیش، ئێستا پارتی لە هەرێمی کوردستان و عێراق، گەورەترین پارتی سیاسیی جەماوەرییە.