قەیس خەزعەلی: ئەمەریکا لە ڕێگەی دانوستان و دیپلۆماسییەوە ناکشێتەوە

قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتی عەسائیب ئەهلولحەق
قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتی عەسائیب ئەهلولحەق

قەیس خەزعەلی، ئەمینداری ڕێکخراوی عەسائیب ئەهل حەق دەڵێت: ئەمەریکا تەنیا لە ڕێگەی دانوستان و دیپلۆماسییەوە ناکشێتەوە.

لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا، قەیس خەزعەلی، ئەمینداری ڕێکخراوی عەسائیب ئەهل حەق ڕایگەیاند: ئەمەریکا هیچ کات و لە هیچ وڵاتێک تەنیا لە ڕێگەی دانوستان و دیپلۆماسییەەوە ناکشێتەوە، بەڵکو پێویستە بەرەی مقاوەمە هەبێت و گوشاری سەربازیی بکات، تا ئەمەریکا ناچار بە کشانەوە بکرێت.

خەزعەلی، جەختی لەوەش کردەوە، بەرگریی دژی هێزەکانی ئەمریکا ئەرکی سەرشانیانە. گووتیشی: نەک چەند پۆستێک، گەر هەموو حکومەتی عێراقیشیان بەدەستەوە بێت واز لە بەرگریی و مقاوەمە ناهێنن.

چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار بڵاویان کردووەتەوە؛ هێزەکانی ئەمەریکا لە بنکەی سەربازی عەین ئەسەد، دەستیان بە مەشق و ئامادەکاریی بۆ بەرپەرچدانەوەی هێرشی قورسی مووشەکی و درۆنی کردووە، چونکە ئەمریکییەکان گومانیان وایە لەماوەیەکی کەمی داهاتوودا بنکەکە ڕووبەڕووی هێرشی فراوانی گرووپە میلیشیاکان دەبێتەوە.

ئامادەکارییەکانی بنکەی عەین ئەسەد لە کاتێکدایە، کە وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە نوێترین زانیاری سەبارەت بە وادەی کۆتاییهاتنی ئەرکی هێزە بیانییەکانی ڕایگەیاندووە، هەرچەندە نزیک بووینەتەوە لە ڕاگەیاندنی کۆتاییهاتنی ئەرکی هێزە بیانییەکان، بەڵام بەهۆی پێشهاتەکانی ئەم دواییە، ڕاگەیاندنی کۆتایی هاتنی ئەرکی سەربازیی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق دواخراوە و بڕیارە لە ئەیلولی 2025 بە فەرمی کۆتایی بە کارەکانی هاوپەیمانییەکە بێت.

بنکەی سەربازیی عەین ئەسەد دەکەوێتە پارێزگای ئەنبار لە رۆژئاوای عێراق و هێزەکانی ئەمەریکا لەو بنکەیە جێگیرکراون و پێشتر گرووپەکانی سەر مقاوەمەی ئیسلامی چەندین هێرشیان کردبووە سەر ئەو بنکەیە.

لە 17ـی تشرینی یەکەمی ساڵی ڕابردووەوە تاوەکو 25ـی تەمموز، زیاتر لە 170 هێرش کراونەتە سەر بنکە و هێزەکانی ئەمەریکا لە هەرسێ وڵاتی عێراق، سووریا و ئوردن.

Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل