تورکیا.. بەهۆی ئاگرەکەی ئیزمیر 78 کەس برینداربوونە
وەزارەتی تەندروستیی تورکیا بڵاوی کردووەتەوە 78 کەس بەهۆی ئاگرکەوتنەوەکەی ئیزمیر بریندار بوونە و 29 لە بریندارەکان بەهۆی ناجێگیریی تەندروستییانەوە لە ژێر چاودێری پزیشکدان و تیمار دەکرێن.
هەروەها ڕایگەیاندووە، سێ تیمی فریاگوزاری تەندروستی بە 42 ئەندام و 10 ئۆتۆمبێلی فریاگوزارییەوە ڕەوانەی شوێنی ئاگرکەوتنەوەکان کراون.
لەلایەکی دیکەوە ئیبراهیم یومەکلی وەزیری کشتوکاڵ و دارستان ڕایگەیاندووە، سێ کەس هۆی ئاگرکەوتنەوەکە بوون کە بۆ سەیران چوو بوونە ناوچەی کارشییاکای سنووری یامانلار لە پارێزگای ئیزمیر، لێکۆڵینەوەکانیش بەردەوامن و هەر سێ تۆمەتبارەکە دەستگیر دەکرێن.
هەروەها ئاماژەی داوە، ئاگرەکەی ئیزمیر بەهۆی هەڵکردنی ئاگر و خێرایی باوە نزیکەی 80 کیلۆمەتری گرتووەتەوە زۆر بەخێرایی تەشەنە دەکات، بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە 13 هێلیکۆپتەر و 160 ئۆتۆمبێلی ئاگرکوژێنەوە لەگەڵ 822 کارمەندمان لە هەوڵی کوژاندنەوەی ئاگرەکەدان.
یومەکلی ڕاشیگەیاندووە، وەک ڕێکارێکی خۆپارێزی ناوچەکانی ئایڤاتلار، یەنیکۆی، سێفێرلەر و ئومورلار چۆڵکراون و ڕێگەی نالدۆغان - گوینوک لەبەردەم هاتوچۆی ناوچەکەشدا داخراوە.
لە بارەی زیانەکانیش ئاماژەی داوە، 13 خانوو سووتاون 105 خانوو و 44 دوکان چۆڵ کراون.