ئۆپەراسیۆنەکانی ئیسرائیل لە غەززە کۆتاییان هات

ژمارەیەک سەربازی ئیسرائیلی لەنێو غەززە (وێنە: AFP)
ژمارەیەک سەربازی ئیسرائیلی لەنێو غەززە (وێنە: AFP)

دەستەی پەخشی سوپای ئیسرائیل لەسەر زاری ژمارەیەک فەرماندە و بەرپرسی ئەمنییەوە ئاشکرای کردووە "ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئیسرائیل بە شێوەیەکی گشتی لە کەرتی غەززە کۆتاییان هاتووە".

دەستەی پەخشی سوپای ئیسرائیل باسی لەوەش کردووە "سوپای ئیسرائیل توانیویەتی زۆرینەی بنکە و بارەگاکانی حەماس لە کەرتی غەززە لەناوببات و کۆتایی بە ئۆپراسیۆنەکانی بهێنێت".

ئاماژە بەوەش کراوە "لە دوای کۆتایی هاتنی ئۆپراسیۆنەکانیش، فەرماندە سەربازییەکانی ئیسرائیل، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلیان ئاگادار کردووەتەوە، ئێستا کاتی ئەنجامدانی ئاڵۆگۆڕی بارمتەکانە".

ئەمە لە کاتێکدایە، هەوڵەکان بۆ ڕاگەیاندنی ئاگربەست لە غەززە بەردەوامن؛ لە ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشدا، ئەمەریکا، میسر و قەتەر ڕایانگەیاند: لە چەند ڕۆژی داهاتوودا بەردەوام دەبن بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن لەسەر جێبەجێکردنی ئاگربەست لە غەززە و تیمە تەکنیکییەکان لەبارەی ناوەڕۆکی پێشنیازەکەی واشنتن زیاتر گفتوگۆ دەکەن.

بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، بەرپرسانی باڵای ئەمەریکا، میسر و قەتەر پێش کۆتایی هەفتەی داهاتوو جارێکی دیکە لە قاهیرە کۆ دەبنەوە و بەردەوامی بە گفتوگۆکان دەدەن. 

هەر چەندە پێشتر حەماس ڕایگەیاندبوو بەشداریی لە دانوستانەکانی دەوحە ناکات، لە یەکەم کاردانەوەش لە بارەی دەرئەنجامی کۆبوونەوەکان ڕایگەیاند: پابەندبوون بە هیچ یەکێک لەو خاڵانەی تێدا نییە کە پێشتر لە 2ـی تەمموز ڕێککەوتنی لەسەر کرابوو.

هەروەها کەناڵی 13ـی ئیسرائیل بڵاوی کردووەتەوە، لە کۆبوونەوەکانی دەوحە، مەودای داواکارییەکانی نێوان حەماس و ئیسرائیل لەیەکەتر نزیک بوونەتەوە و پێدەچیت گەیشتن بە ڕێککەوتنی ئاگربەست نزیک بێت و ناتانیاهۆش چاوەڕێی کۆبوونەوەکەی دەرئەنجامی کۆبوونەوەکانی قاهیرە دەکات.

هاوکات، هەردوو وەزیری دەرەوەی بەریتانیا و فەرەنسا لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانی هاوبەشدا لە 16ـی ئابی 2024، پشتیوانیی خۆیان بۆ هەوڵەکانی گەیشتن بە ڕێککەوتن لەبارەی ڕاگەیاندنی ئاگربەست لە غەززە ڕاگەیاند.

ڕۆژنامەی واشنتن پۆستیش لە بەرپرسێکی ئیسرائیلی گواستووەتەوە و ئاماژەی بەوە کردووە: پێشکەوتنی باش لە ڕۆژی یەکەمی گفتوگۆکانی دەوحە بەدی هاتووە و لایەنەکان گەشبینن بگەنە ڕێککەوتن لەبارەی ڕاگەیاندنی ئاگربەست لە غەززە.

316 ڕۆژە، هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە بەردەوامە و تاوەکوو ئێستا زیاتر لە 40 هەزار هاووڵاتی فەڵەستینی کوژراون و هەزاران کەسی دیکەش بریندار بوون، جگە لە وێرانکردنی ژێرخانی گشتیی ناوچەکە.

Fly Erbil Advertisment