ئەمەریکا: گرنگە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان "ئازاد و دادپەروەرانە" بێت

دەنگدان
دەنگدان

ئەمەریکا جەخت لە گرنگیی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بە شێوەیەکی "ئازاد و دادپەروەرانە" دەکاتەوە و پابەندی خۆیشی بە کارکردن لەگەڵ هەرێمی کوردستان دووپات دەکاتەوە.

پێنجشەممە، 15-08-2024، ستیڤن بیتنەر، ‌کونسوڵی گشتیی نوێی ئەمەریکا لە هەولێر، بە جیا، لەگەڵ هەر یەک لە سەرۆک بارزانی؛ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان؛ مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەت؛ قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران و بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کۆ بووەوە.

شەممە، 17-08-2024، ئەلینا ڕۆمانۆوسکی، باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس (تویتەری پێشوو)، پۆستێکی لەبارەی کۆبوونەوەکانی ستیڤن بیتنەر لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان، بڵاو کردەوە.

هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، ڕۆژی 20-10-2024، بە سەرپەرشتیی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بەڕێوە دەچێت.

کۆی گشتیی ژمارەی دەنگدەران بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، دوو ملیۆن و 899 هەزار و 878 کەسە؛ لەو ژمارەیە دوو ملیۆن و 683 و 618ـیان دەنگدەری گشتین و 215 هەزار و 960ـیشیان دەنگدەری تایبەتن. 

بە گوتەی ڕۆمانۆوسکی، کونسوڵی نوێی ئەمەریکا لە هەولێر، لە کۆبوونەوەکانیدا لەگەڵ بەرپرسە باڵاکانی هەرێمی کوردستان، جەختی لە گرنگیی بەڕێوەچوونی "هەڵبژاردنێکی ئازاد و دادپەراوەرانە" کردووەتەوە.

 باڵیۆزی ئەمەریکا لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا نووسیویەتی: "ئێمە پابەندین بە کارکردن لەگەڵ هاوبەشەکانمان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ باشترکردنی سەقامگیری و ئاسایشی عێراق لە ڕێگەی پرۆسەی دیموکراسییەوە".