هیندستان؛ کوژرانی پزیشکێکی ئافرەت، مانگرتنی گشتی بەدوادا هات

خۆپیشاندەران پۆشاکێکیان بەرز کردووەتەوە لەسەری نووسراوە "دادپەروەریمان دەوێت"  (وێنە: AFP)
خۆپیشاندەران پۆشاکێکیان بەرز کردووەتەوە لەسەری نووسراوە "دادپەروەریمان دەوێت" (وێنە: AFP)

دوای ئەوەی لە نەخۆشخانەیەکی هیندستان، پزیشکێکی ئافرەت بە شێوەیەکی "دڕندە" کوژرا؛ پزیشکانی وڵاتەکە خۆپیشاندانیان کرد و مانگرتنی گشتییان ڕاگەیاند.

هەیینی، 09-08-2024، تەرمی خوێناویی پزیشکێکی ئافرەتی تەمەن 31 ساڵ، لەنێو نەخۆشخایەکی حکوومیی لە پارێزگای کەلکووتای هیندستان دۆزرایەوە. ڕووداوەکە لە سەرتاسەری وڵاتەکە کاردانەوەی لێ کەوتەوە.

تەرمەکە، لەنێو هۆڵی سیمیناری پەروەردەیی نەخۆشخانە حکوومییەکە دۆزرابووەوە و بە گوێرەی زانیاریی مێدیاکانی هیندستان، پزیشکەکە لە کاتی پشوودا، کوژراوە.

ئەنجامی پشکنیەکانی پزیشکی داد دەریان خستووە؛ پێش ئەوەی ئەو پزیشکە هیندییە بکوژرێت، دەستدرێژیی سێکسی کراوەتە سەری. کەسوکارەکەیش بە دادگایان ڕاگەیاندووە، پێیان وایە زیاتر لە کەسێک دەستدرێژییان کردووەتە سەر پزیشکەکە و داوتر بە "دڕەندەترین شێوە" کوشتوویانە.

ڕۆژێک دوای ڕووداوەکە، دەیان هەزار خۆپیشاندەر کە زۆرینەیان پزیشک و کارمەندانی کەرتی تەندروستی بوون؛ بەشێکیشیان هاووڵاتیی مەدەنی بوون، لە دژی کوژرانی ئافرەتە 31 ساڵییەکە، لە نیودەلهیی پایتەخت و چەندین شاری هیندستان خۆپیشاندانیان کرد و  داوای هەلوێستی فەرمی حکوومەتیان بەرانبەر ئەم تاوانە کرد. 

بەشێک لە خۆپیشاندەران لافیتەیەکیان بەرز کردبووەوە و لەسەریان نووسیبوو "ئەو دەستانەی برینەکان چاک دەکەنەوە، نابێت خوێناوی بکرێن". لەسەر چەند لافیتەیەکی دیکەش نووسرابوو "ئیدی بەسە" و "دەستدرێژیکارەکان لە سێدارە بدەن". 

لە درێژەی کاردانەوەکاندا، ئەمڕۆ شەممە، 17-08-2024، پزیشک و کارنەمدانی کەرتی تەندروستیی هیندستان، لە زۆرینەی پارێزگاکان، مانگرتیی گشتییان لە دژی کوژرانی هاوکارەکەیان بۆ ماوەی 24 کاتژمێر ڕاگەیاند.

ئار ڤی ئەسۆکان، سەرۆکی کۆمەڵەی پزیشکانی هیندستان لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕوونی کردەوە "مانگرتنەکەیان، ڕاگرتنی پێشکەشکردنی هەموو خزمەتگوزارییە پزیشکییەکان دەگرێتەوە، تەنها خزمەتگوزارییە سەرەکییەکان نەبن".   

سەرۆکی کۆمەڵەکە لە ڕاگەیەندراوەکەیدا پەیامێکی ئاراستەی خەڵکی هیندستان کرد و گوتی: داوای تێگەیشتن و پاڵپشتی ئێوە دەکەین بۆ ئەم خەباتە بە مەبەستی بەدیهێنانی دادپەروەری بۆ پزیشک و کچەکانمان.

ژمارەی دانیشتووانی هیندستان یەک ملیار و 400 ملیۆن کەسی تێ پەڕاندووە. دەستدرێژیی سێکسی بۆ سەر ئافرەتان و کوشتنیان، لەو وڵاتە بووەتە دیاردە. 

بە گوێرەی ئامارەکان، ڕۆژانە لە هیندستان، بە تێکڕا زیاتر لە 90 حاڵەتی دەستدرێژیی سێکسیی بۆ سەر کچان و ئافرەتان تۆمار دەکرێن.