سەرکردەیەکی حەماس: قسەکانی بایدن لەسەر ئاگربەست خەیاڵە

سامی ئەبو زوهری، سەرکردە لە بزووتنەوەی حەماس ڕایگەیاند، قسەکانی جۆو بایدن سەرۆکی ئەمەریکا سەبارەت بە نزیکیی گەیشتن بە ڕێککەوتنی ئاگربەست لە کەرتی غەززە "وەهم" بووە و سبەی پیشنیارێکی نوێ بۆ ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و بزووتنەوەکە پێشکەش دەکرێت.
ئەبو زوهری بە ئاژانسی فرانس پرێسی گوت: قسەکردن لەسەر نزیکبوونەوەی گەیشتن بە ڕێککەوتنی ئاگربەست وەهمە. جەختیشی لەوە کردەوە، کە "داگیرکاری بەربەست لەبەردەم هەموو ڕێککەوتنەکان دروست دەکات". ئێمە هیچ ڕێککەوتنێکمان نەکردووە.
دوێنێ هەینی، جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا، هۆشداری دایە هەموو لایەنەکانی ناوچەکە و گوتی: گەیشتن بە ئاگربەست نزیکە.
بایدن دەشڵێت: وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەی، ئەنتۆنی بلینکن، ڕۆژی شەممە بە تایبەتی سەردانی ئیسرائیل دەکات بۆ ئەوەی جەخت لەوە بکاتەوە کە لەگەڵ نزیکبوونەوەی گەیشتن بە ڕێککەوتنی ئاگربەستی تەواو بۆ ئازادکردنی بارمتەکان، نابێت هیچ کەسێک لە ناوچەکە ڕێوشوێن بگرێتەبەر بۆ تێکدانی ئەم پرۆسەیە.
هەروەها بەرگریی شارستانیی غەززە ڕایگەیاند: بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە لە هێرشێکی ئاسمانیی ئیسرائیلدا 15 کەس لە یەک خێزانی فەلەستینی لە ناوەڕاستی کەرتی غەززە کوژراون کە لە نێویاندا نۆ منداڵ و سێ ئافرەتی بووە.