عێراق لە بەردەم هەڕەشەی لەدەستدانی بەشێک لە سامانی ئاژەڵی و ژینگەیی دایە

زیقار
زیقار

K24 – هەولێر:

بەهۆی گرتنەوەی ئاو لەلایەن وڵاتانی دراوسێ و بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما و وشکەساڵییەوە، ساڵانێکە عێراق لە بەردەم هەڕەشەی لەدەستدانی بەشێک لە سامانی ئاژەڵی و ژینگەیی دایە. گوتەبێژی ئەنجوومەنی پارێزگای زیقار، دەڵێت: زۆنگاوەكانی ناوچەكە 60%ـی سامانی ماسییان لەدەست داوە.

پیسبوون و نزمبوونی ئاستی ئاوی زۆنگاوەكانی عێراق، وایکردووە ژمارەیەکی زۆر لە ئاژەڵەکانی نێوی بەتایبەتی ماسی لەناوبچن.

گلدانەوەی ئاوی ڕووبارەکانی دیجلە و فورات لە لایەن تورکیاوە ئەم دۆخەی دروستکردووە، کەمبوونەوەی ئۆکسجین، سوێربوونی ئاو، لەنێوچوونی قامیشەکان و ژینگەی زۆنگاوەکان ئێستە بە جۆرێکە ماسی و ئاژەڵەكانی دیكەی ڕووبەڕووی لەنێوچوون کردووەتەوە.

یاس خەفاجی، گوتەبێژی ئەنجوومەنی پارێزگاری زیقار ڕایگەیاند، شاندێکی ئەنجوومەنی پارێزگا گەشتێکی مەیدانی کرد بۆ زانینی کاردانەوەی وشکبوونەوەی زۆنگاوەكان و کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر ژیانی هەزاران خێزان بەتایبەت ئەوانەی کە کاری کشتوکاڵ و ماسیگرتن دەکەن. گوتیشی: بەپێی ئەنجامەكان بەھۆی كەمبوونەوەی زیاتری ئاو، زۆنگاوەكانی زیقار بەگشتی 60%ـی سامانی ماسییان لەدەست داوە، ئەمە وێرای مردنی چەند سەر گامێش و ئاژەڵی دیكە.

هەندێک شوێن ساڵانێک لێوان لێو بوون لە ئاو، دەبووایە بە بەلەم گوزەری تێدا بکەیت، پێشتر ھەندێ لە زۆنگاوەکان ئاوەكەی نزیکەی دوو مەتر قووڵ بوون، بەڵام ئێستە بۆ کەمتر لە 15 سانتیمەتر دابەزیوە و تەنانەت ھەندێكیشیان تاوەکوو چاو بڕدەکات وشکە و بووەتە بیابان.

کشتوکاڵ و سامانی ئاژەڵ، كە سەرچاوەی سەرەکی داهاتی دانیشتووانەکەن، ئێستە گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا و کەمئاوی، تەنگیان پێهەڵچنیون و هەڕەشەی لەنێوچوونیان لەسەرە. بەپێی زانیارییەكانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەنداوەکانی عێراق، باران 30%ـی ئاوی وڵاتەكە دابین دەکات و نزیکەی 70%یش لەسەر ڕووبارەکانە کە سەرچاوەکەی تورکیا و ئێرانن، كە ئەوانیش ئاویان گرتووەتەوە، بۆیە تادێت کاریگەرییەکانی وشکەساڵی و كەمئاوی لە عێراق زیاتر دەردەکەون، بەتایبەتی لە ناوچەکانی باشوور.

Fly Erbil Advertisment