هۆشدارییەکانی تورکیا بۆ یەکێتی بەردەوامە

سلێمانی
سلێمانی

K24 – سلێمانی:

لە نوێترین هۆشداری تورکیا بۆ یەکێتی لەبارەی مامەڵەکردن لەگەڵ پەکەکە، وەزیرى بەرگرىی تورکیا دەڵێت: دەمانەوێت ئەمساڵ کۆتایی بە ئۆپەراسیۆنى دژى پەکەکە لە هەرێمى کوردستان بێنین و داواش لە یەکێتى دەکەین پەیوەندییەکانى لەگەڵ پەکەکە بپچڕێنێت.

تورکیا چەندین جارە هۆشدارى بە یەکێتی دەدات کە (پێویستە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ پەکەکە بپچڕێنن) بەڵام ئەو هۆشدارەیە پشتگوێ دەخرێت، ئەمەش وای کردووە دۆخى سیاسی و ئابوورى هاووڵاتییانى سلێمانى سەقامگیر نەبێت " شرۆفەکارانى سیاسی ڕایان وایە، "کاتى هاتووە هەڵوەستەیەک سەبارەت بە هۆشدارییەکانى تورکیا بکرێت و ناکرێت هیچ حزبێک ئەجێنداى پەکەکە لە سلێمانى جێبەجێ بکات" .

ڕاگرتنى گەشتەکانى فڕۆکەخانەى سلێمانى بۆ تورکیا و بە پێچەوانەشەوە، یەکێکە لەو زیانانەی کە بەهۆی مامەڵەکردن لەگەڵ پەکەکە بەر سلێمانی کەوتووە، کە زیانى ملیۆنان دۆلارى بۆ داهاتى گشتى و هاووڵاتییانى سلێمانى دەخەمڵێنرێت، زەردەشت محەممەد، ئابووریناس، پێى وایە "ناکرێت حزبێک بۆ بەرژەوەندی خۆی مۆنۆپۆلى سلێمانى بکات و ئەگەر دۆخەکە هەروا بەردەوام بێت سلێمانى بەرەو گۆشەگیرى زیاتر دەچێت ."

سیاسەتەکانی یەکێتی لە سلێمانی بە پشتیوانیکردنی پەکەکە بە بڕوای شرۆڤەکارانی سیاسی و ئابوری دۆخی سلێمانی لە چەندین بواردا بەرەو پێشهاتێکی مەترسیدار دەبات بە تایبەتریش کە چەندین جارە بەرپرسانی باڵای تورکیا ئەو هۆشدارییەیان داوە بە یەکێتی کە لە پشتیوانیکردنی پەکەکە دوور بکەوێتەوە، بەڵام ئەو هۆشدارییانە بەهەند وەرنەگیراوە و ژیانی هاووڵاتییانی سلێمانی کراوەتە قوربانی بەرژەوەندی حزبی و کەسی.